ڤیژن ئێجوکەیشن کورسی ناو پۆلی بۆ سێ قوتابخانەی حکومی لە چۆمان دابین دەکات
رۆژی دووشەممە، ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٤، ڤیژن ئێجوکەیشن (Vision Education) لە دەستپێشخەرییەکی خێرخوازیدا، هەستا بە دابینکردنی (١٠٠) کورسی (رحلە) مۆدێرنی بۆ سێ قوتابخانەی حکومی لە قەزای چۆمان کە دەکەوێتە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی هەریەك لە بەڕێزان قایمقامی قەزای چۆمان، بەڕێوەبەری ناحیەی چۆمان و بەڕێوەبەری پەروەردەی چۆمان، تیمی ڤیژن ئێجوکەیشن بە فەرمی پێداویستییەکانی رادەستی بەڕێوەبەر و ستافی قوتابخانەکان کرد.
ئەم دەستپێشخەرییە لە لایەن ڤیژن ئێجوکەیشنەوە لەسەر داواکاری و پێویستی خودی قوتابخانەکان بووە کە ئامانج لێی رەخساندنی ژینگەیەکی باشترە بۆ قوتابیان تاوەکو بتوانن بە ورەیەکی بەرزترەوە بەردەوامی بە پڕۆسەی خوێندنیان بدەن.
قوتابخانە سوودمەندبووەکانی لەم دەستپێشخەرییە بریتین لە: قوتابخانەی باڵەکی هاوڕێی بنەڕەتی کچان (لە ساڵی ١٩٩٩ دامەزراوە)، قوتابخانەی ئامادەیی باڵەکایەتی وێژەیی کوڕان (٢٠١٦) و قوتابخانەی زینوێی ئێوارانی کوڕان (٢٠٠٣).
هەرسێ قوتابخانەکە لە ئێستادا بە تێکڕا (٣٧٧) قوتابی و (٥٥) مامۆستا و فەرمانبەر لەخۆ دەگرێت.