هەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی عێراق تەنیا یەك جار بڕێك بودجەی بۆ هەرێم ڕەوانە كردووە. ڕوونیشی دەكاتەوە: "لە داهاتوودا شاندێكی هەرێم سەردانی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی عێراق دەكەین".
د. سامان بەرزنجی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق تاكو ئێستا تەنیا یەك جار بڕێكی بودجە كە سێ ملیار و نیو دینار بوو، بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە كراوە، ئێمەش بۆ پارێزگای هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجەمان دانا، ئێستاش رۆژانە لەگەڵ وەزیری تەندروستیی حكوومەتی فیدڕاڵ لە پەیوەندیداین و، لە بەرنامەشمانە لە داهاتوودا شاندێك سەردانی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی عێراق دەكەین، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بێبەش نەبێت لەو هاوكاریانەی كە بەڵێن دراوە بە عێراق بدرێت".
بەرزنجی، سەبارەت بە رێكارەكانی ئاسانكاریی قەدەغەی هاتوچۆ و پابەندبوونی هاووڵاتیانیش گوتی: "رێكارەكان بۆ ئاسانكاریی هاووڵاتیان و پێداویستییە، وەكو بڕیاریش، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ هەیە تا شەشی مانگ، كە ژوورەكانی ئۆپەراسیۆن دەسەڵاتیان پێ دراوە بە كردنەوەی هەندێك شوێنی پێویست و گرنگ بۆ پێداویستی و كار و بژێویی ڕۆژانەی خەڵك، ئەمەش دەبێت بە رێكاری توندی تەندروستی بێت و ئیجرائاتیش بەرامبەر هەر كەسێك وەربگیرێ كە سەرپێچی بكات".
دەشڵێ: "بە فەرمی رێنماییمان داوە بە تەواوی دامودەزگاكانی حكوومەت كە دەبێت ماسك و دەستەوانە بەكار بهێنن و قەرەباڵغی دروست نەبێت و هەوڵ بدرێت دووری بە لای كەمی یەك مەتر و نیو هەبێت لەگەڵ كەسی بەرامبەر".
نەشوان بەرزنجی