گەرمیان-KDP.info- بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، زانیاریی ورد لەبارەی تەقەكردن لە بارەگای لیژنەی ناوچەی پارتی لە سنووری كفری ئاشكرا دەكات و، باس لە هۆكارەكانی ئەو تەقەكردنە دەكات.
ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوو شەوە لە كفری نزیكەی 100 گەنج خۆپیشاندان دەكەن و ئەمشەویش هێزەكانی ئاسایش هەوڵیان دا بڵاوەیان پێ بكەن و چەند كەسێكیشیان لێ دەستگیر كردوون، دواتر لەناو شار بڵاو بوونەتەوە و چوون بەناو كوچە و كۆڵانەكاندا بڵاو بوونەتەوە، كە دوو حاڵەت هەبووە، ئەمشەو یەكەم تەقە لە لیژنەی ناوچەی كفری پارتی كراوە و سێ گولـلە بەر بارەگای ناوچە كەوتووە و زیانی گیانی نەبووە، هەروەها نارنجۆكێكیش خراوەتە بەردەم ماڵی پۆلیسێك و زیانی زۆری گەیاندووە".
بەرپرسی لقی گەرمیان گوتیشی: "كارەكان زیاتر خۆی لە پشێویدا دەبینێتەوە، بۆیە بە فەرمی داوامان لە ئیدارەی شارەكە كردووە لێكۆڵینەوە بكەن و تۆمەتبارەكە دەستگیر بكرێت لە رێگای كامێرای چاودێرییەوە، هەندێك سەرەداویش دەست كەوتوون، بەڵام هێشتا یەكلا نەبووەتەوە تەقەكەرەكە كێیە و لە رووی یاساییەوە لیژنەی ناوچەی كفری سكاڵای تۆمار كردووە و لە دەستی ئاژاوەگێڕییش دەچێت، بەڵام تا تەقەكەرەكە دەستگیر نەكرێت، نازانین سیاسییە یان تەقەكردنێكی ڕەشۆكییە".
كارزان سەباح هەورامی