وه‌ڤدێكی سیاسیی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

به‌غدا-KDP.info- بڕیارده‌ری لیژنه‌ی داراییی په‌رله‌مانی عێراق گوتی، ڕێككه‌وتن دەر‌باره‌ی بودجه‌ له ‌نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تدا كراوه‌، به‌ڵام پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ كوتله‌كان ڕازی بكه‌ین له ‌په‌رله‌مان ده‌نگ به‌و ڕێككه‌وتنه‌ بده‌ن، بۆیه‌ بۆ ڕازیكردنی كوتله‌كان بڕیاره‌ وه‌ڤدێكی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا بكات.

د. ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی داراییی ‌په‌رله‌مانی عێراق، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ڕێككه‌وتن له‌ نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا له‌باره‌ی بودجەوە كراوه‌ و بڕیاره‌ سبه‌ی، یان سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ په‌رله‌مان وه‌كو خۆی په‌سه‌ند بكرێت، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین، کە وه‌كو خۆی په‌سه‌ند بكرێت."

د. ئه‌حمه‌د سه‌فار گوتیشی: "پێویسته‌ ڕێككه‌وتنێكی سیاسی بكرێت و كوتله‌كان و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی ڕازی بكه‌ین، ده‌نگ به‌و ڕێككه‌وتنه‌ بدەن، بۆیه‌ بڕیاره‌ وه‌ڤدێكی سیاسیی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا بكات بۆ ڕازیكردنی كوتله‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بکرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌درێته‌ هه‌رێم مافی ده‌ستووریی هه‌رێمه‌ و هیچی زیاده‌ نه‌دراوه‌ بە هه‌رێم و هه‌ندێك پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ حكوومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ره‌ و بەشی زیاده‌ به‌ هه‌رێم دراوه‌."

بڵند ئیبراهیم