له‌سه‌ر گیانله‌ده‌ستدانى ئافره‌تێك، تەندروستی ڕاپەڕین روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

دوا نوێکردنەوە: 2020-06-09 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

له‌سه‌ر گیانله‌ده‌ستدانى ئافره‌تێك، تەندروستی ڕاپەڕین روونكردنه‌وه‌ ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت: پێش گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ى بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەڕیندا هاتووه‌، سەبارەت ئەمڕۆ سێشەممە بەرواری 9ـ6ـ2020 کاتژمێر 1ی دوای نیوەڕۆ ئافرەتێکی تەمەن 49ساڵی دوای گەیاندنی بۆ بەشی فریاکەوتن لەنەخۆشخانەی گشتی ڕانیە و بینینی لەلایەن پزیشکی پسپۆڕو ستافی تەندروستی و ئەنجامدانی ڕێکارە تەندروستیەکان، بەڵام بەداخەوە دەرکەوت ئەو ئافرەتە پێش گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، بەداخەوە کەس وکارەکەشی لەدەرەنجامی ئەوحاڵەتەدا هەندێک هەڵسوکەوتی نەشیاویان بەرامبەر ستافی نەخۆشخانەکە ئەنجامداوەو پەلاماری چەند کارمەندێکی نەخۆشخانەکەیانداوەوتەنانەت زیانیان گەیاندووە بەبەشێک لەپێداویستیەکانی ناو بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە.

تەندروستی ڕاپەڕین ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕوو، لێرەشەوە داوا لەهاوڵاتیانی ئازیز دەکەین کە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی سەرەڕای خراپی دۆخی دارایی و دواکەوتنی موچەکانیان شەو ڕۆژ لەخزمەتی هاوڵاتیان بەردەوامن و پێویستە ڕێز لەماندووبونیان بگرین، نەوەک کاری نەشیاویان بەرامبەر ئەنجامدرێت.