پلانی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران رەتکرایه‌وه‌

دوا نوێکردنەوە: 2020-06-11 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو پلانەی رەتکردەوە کە لەلایەن حکوومەتەوە ئاڕاستەی کرابوو بۆ کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان.

بەپێی ئەو بڕیارەی کە بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران درا، تیایدا هاتووە "هەر کەمکردنەوەیەک لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بە شێوەی راستەوخۆ و نا راستەوخۆ، هەروەها سەپاندنی باج لەسەر هەر مووچەیەک ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، و ئەم بڕیارە سێ سەرۆکایەتییەکە و وەزیر و پەرلەمانتاران و پلە تایبەتەکان ناگرێتەوە".

پێشتر راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری دارایی، مەزهەر محەمەد ساڵح بڕیارێکی حکوومەتی ئاشکرا کردبوو کە تایبەت بوو بە کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران بەڕێژەی لەسەدا ١٠ ئەوانەی مووچەکانیان لەنێوان ٥٠٠ هەزار تاوەکو یەک ملیۆن دینارە، و کەمکردنەوەی رێژەی لەسەدا ١٥ بۆ ئەوانەی مووچەی مانگانەیان لەسەرووی ملیۆنێک دینارە.

رۆژی سێشەممەی رابردوو، حکوومەتی عێراق بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی پلە باڵا بە رێژەی لەسەدا ١٠، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی دارایی لە وڵات کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت رووبەڕووی بووەتەوە.