به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ده‌كات

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-29 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین به‌بۆنه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى به‌ ئه‌میندارى گشتیى یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستانه‌وه‌، پیرۆزبایى له‌ به‌ڕێزیان كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خۆیان و داهاتووى یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان خواست.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 28/12/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها پیرۆزباییى به‌ستنى كۆنگره‌ى هه‌شته‌مى له‌ یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان و ته‌واوى سه‌ركرده‌ و ئه‌ندامان و لایه‌نگران و دۆستانى كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ كاره‌كانى كۆنگره‌كه‌یان خواست.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌ كار و خه‌بات و ڕۆڵى یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان له‌ ژیان و پرۆسه‌ى سیاسیى هه‌رێمى كوردستاندا كرد و پێزانینى خۆى بۆ خزمه‌ت و هه‌وڵه‌كانى یه‌كگرتووى ئیسلامى له‌پێناو ته‌بایى و كارى پێكه‌وه‌ییى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ده‌ربڕى.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین، سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ په‌یوه‌ندى و پیرۆزباییى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ده‌ربڕى و ستایشى یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستانى بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى به‌ڕێزیان و پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى دووپات كرده‌وه‌.