خەندان-
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، بە ئامانجی دەستگیرکردنی تیرۆرستان و گەڕانەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچەکە و دەستگیرکردنی داواکراوان ئەمڕۆ لە پێنج قۆڵەوە ئۆپەراسیۆنی هەشتەمی "ئیرادەی سەرکەوتن" لە سنوری پارێزگاکانی کەرکوک، موسڵ، دیالە و سەڵاحەدین بەڕێوەدەبەن.
ئۆپەراسیۆنی هەشتەمی ئیرادەی سەرکەوتن بە فەرمانی سەرۆک وەزیران لە میحوەرەکانی نەینەوا، جەزیرە، سەلاحەدین و دیالە و کەرکوک" ئەنجامدەدرێت
ئۆپراسیۆنەکە بە هاوکاری هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان و هێزەکانی حەشدی شەعبی و حەشدی هۆزەکان و ژمارەیەکی دیکە لە هێزە جیاوازەکان و دەزگای هەواڵگری لەو ناوچانەدا بەڕێوەدەچێت
سەبارەت بە ئامانجی ئۆپراسیۆنەکەش فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئامانجی ئۆپراسیۆنەکە کێوماڵکردنی ناوچەکە و گوندەکانی دەوروبەری و دەستگیرکردنی داواکراوان و گەڕانەوەی ئاسایشە بۆ ناوچەکانیان، هەروەها سەرجەم گەڕانەکانیشیان پشت ئەستورە بە زانیاری هەواڵگری ورد.
حەوتی ئەم مانگە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، بە ئامانجی دەستگیرکردنی تیرۆرستان و گەڕانەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچەکە لە چوار قۆڵەوە ئۆپەراسیۆنی حەوتەمی "ئیرادەی سەرکەوتن" لە سنوری پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین بەڕێوەدەبەن.
ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە پشکنین و رزگارکردنی ئەو گوند و شارۆچکانەیە کە گومانی بونی تیرۆرستانیان لێ دەکرێت
رۆژی 19ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵیش ئۆپەراسیۆنی شەشەمی "ئیرادەی سەرکەوتن" لە سنوری باشوری کەرکوک بەڕێوەچو، بە گوێرەی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لەو ئۆپراسیۆنەدا جگە لە دەستگیرکردنی ژمارەیەک داواکراو و چەندین بنکەی هێزە توندڕەوەکانیش لەناوبراون.