هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكان لە نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم لە بەغدا، زانیاری لەسەر ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا دەخاتە ڕوو و باس لە ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراقیش دەكات.
بەختیار حاجی حەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەگەر پڕۆژەبودجەی 2020ی عێراق بووە یاسا و تێپەڕێندرا، كاریكی زۆر باش كراوە، ئەگەرنا بەپێی یاسای داراییی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا، ساڵی داهاتووش وەك ساڵی 2019 بودجەی كوردستان بە شێوەی ئێستا بەردەوام دەبێت".بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكان لە نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێم ڕایشیگەیاند: "لە عێراق ڕووداوەكان خێرا و پێشبینینەكراون، بەڵام ئەوەندەی بزانین ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وەزارەتی داراییی ئاگادار كردووەتەوە كە پڕۆژەبودجەی 2020ی عێراق بنێرێتە پەرلەمان، ئەگەر ئەم پرۆژەیەش بكرێتە یاسا، بودجەی كوردستان لەوەی ئێستا زیاتر دەبێت و دۆخی ئابووریی هەرێم باشتر دەبێت".
دەشڵێت: "هەركاتێك پڕۆژەبودجەی 2020 چووە پەرلەمان، شاندی كوردستان دەچێتە بەغدا بۆ ڕێككەوتنی سیاسی، تا پرۆژەكە لە پەرلەمان تێپەڕێت، لە عێراقیشدا پەرلەمان و حكوومەت گیرۆدەی جادەیە و حزبە سیاسییەكانیش هەڵوێستی شەقامیان خراپ كردووە لەسەر بەركەوتەی كورد لە بودجە، بۆیە ئەم بودجەیە پێویستی بە ڕێككەوتنە".
کارزان هەورامی