ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم گفتوگۆ دەربارەی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو بودجەیە کرد کە ئێستا لەبەردەستە

دوا نوێکردنەوە: 2020-06-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاوی كرده‌وه‌، ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا و ئاو بە لێخۆشبوونی 15% درێژ بکرێتەوە تاوەکو 2020/9/1

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/6/17 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی خەرجییەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو توانا و بودجەیە کرا کە ئێستا لە بەردەستی وەزارەتی دارایی وئابووریدایە بە مەرجی پاراستنی مافی مووچەخۆرانی ئاساییی شایستە . ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە بەردەوامبوونی کەمکردنەوەی مووچەی خاوەن پلە تایبەتەکان و ئەوانەشی بەو پلانە خانەنشین بوون کە لە کۆبوونەوەکانی پێشوو بڕیاریان لەسەردرا. لەمبارەیەوە کۆبوونەوەکانیش تا ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا و ئاو بە لێخۆشبوونی 15% درێژ بکرێتەوە تاوەکو 2020/9/1.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تاوتوێ کرا و بڕیاردرا، هەفتەی داهاتوو شاندی حکومەت بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان سەردانی بەغدا بکات بە ئاراستەی برەودان بەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشانەی پێشتر هەردوولا پێی گەیشتبوون بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لەبەرامبەر پابەندییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووری عێراق.