لە بودجەی 2020ی عێراقدا نرخی بەرمیلی نەوت گەیاندرایە 56 دۆلار

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-29 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

بەهۆی گوشارەكانی ئەم دواییەی سەر بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو، كە حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی دەست لەكار كێشاوەی ناچار كرد چەند گۆڕانكارییەك لە بودجەدا بكات لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان، نرخی بەرمیلی نەوت لە بودجەكەدا گەیاندراوەتە 56 دۆلاری ئەمریكی.


بەرزكردنەوەی نرخی فرۆشتنی بەرمیلی نەوتی عێراق بۆ 56 دۆلاری ئەمریكی لە بودجەی گشتیی ساڵی 2020ی عێراقدا لە كاتێكدایە كە پێش دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری رابردوو، نرخی فرۆشتنی بەرمیلی نەوت لە بودجەی گشتیی عێراقدا بە 53 دۆلاری ئەمریكی داندرابوو.

میدیاكانی عێراق لە زاری سەرچاوەی ناو وەزارەتی دارایی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیان گواستووەتەوە كە بڕیارەكانی چاكسازیی ئەم دواییەی حكوومەتی عەبدولمەهدی، باری بودجەی بە شێوەیەك قورس كردووە، كە ساڵی داهاتوو ئەم وڵاتە تەنگژەیەكی دارایی قورس بەڕێدەكات.


هەروەها ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە كورتهێنان و زیادەی خەرجیە داراییەكانی سەر بودجەی گشتیی ساڵی 2020، 48 ترلیۆن دینارە، 10 ترلیۆن دیناری هاتووەتە سەر بە هۆی ئەوەی بۆ ساڵی داهاتوو هەزاران كەسی نوێ دادەمەزرێندرێن، ئەمەش لە پێناو كپكردنەوەی خۆپیشاندانەكان، هەروەها هەزاران فەرمانبەری تریش خانەنشین دەكرێن.


ئەم كورتهێنانەش لە نەخشەی بودجەی گشتیدا پێچەوانەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی وڵاتەكەیە، كە لە بڕگەی چوارەمی یاسای شەشەمدا ئاماژەی پێكراوە و نابێ ڕێژەی كورتهێنان لە 3٪ی تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر بێت، كەچی لەوەی ئەمساڵی عێراقدا ڕێژەی كورتهێنان گەیشتووەتە 19٪ی تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی عێراق.


جێی باسە بەهۆی تەنگژەكانی حكوومەتی عێراق و ناكۆكییەكان ناو پەرلەمانی ئەم وڵاتەوە، تا ئێستا نازاندرێ بودجەی گشتیی ساڵی 2020ی عێراق كەی تەواو و پەسەند دەكرێت.