سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ڕاگه‌یاندراوێكی سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كانی توركیا بڵاوكرده‌وه‌

دوا نوێکردنەوە: 2020-06-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ئیدانەى هێرشه‌كانی توركیا ده‌كات، داوادەکات هیچ وڵات و هێز و لایەنێک خاکی هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی بۆ هێرش و پەلامار بەکارنەهێنێت.


سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ هێڕشه‌كانی توركیا بۆسه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند : شەهیدبوونی چەندین هاووڵاتی سنوری پارێزگای دهۆک بەهۆی دوایین هێرش و پەلاماری سەربازی تورکیاوە ئیدانە دەکەین، وێڕای ئیدانەکردنی شەهیدبوونی ئەم هاووڵاتیانە بە هۆی هێرش و پەلامارەکانی تورکیاوە، پرسەو سەرەخۆشی زۆری خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین،


رێواس فایه‌ق راشیگه‌یاند: پێمان وایە بەئەزموونی سەرجەم ئۆپەراسیۆن و شەر و لەشکرکێشی و پەلاماری چەکداری رابردوو، هیچ پرسێک بەشەڕ و رووبەرووبوونەوەی سەربازی چارەسەر ناکرێت و بەردەوامی خوێن رشتن لە هەر لایەکەوە بێت، ئاشتی زیاتر دوور دەخاتەوەو کۆسپی زیاتر بۆ دیموکراسیەت و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دروست دەکات.

سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختیشی كرده‌وه‌، پشتیوانی تەواوی خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و پەرلەمانین بۆ چارەسەری پرسی کورد و کۆتایی هێنان بە شەرو کوشتار و لەشكرکێشی و بوونە هۆکاری گیان لە دەستدانی خەڵکی سڤیل و سوتانی رەز و باخ و وێرانبوونی دێهاتەکانی هەرێمی کوردستان، داواکارین هیچ وڵات و هێزو لایەنێک خاکی هەرێمی کوردستان و سنورەکانی بۆ هێرش و پەلامار و لەشکرکێشی و تۆپباران و کەوتنەوەی قوربانی لە ناو خەڵکی مەدەنی هەرێمەکەمان بەکارنەهێنێت.

له‌ كۆتای ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پشتیوانی ئەوەین هەرێمی کوردستان پەیوەندیەکی بەهێزی دۆستانەی لەگەڵ تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هەبێت لەسەر بنەمای رێزگرتن لە بەرژەوەندیە هاوبەشەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانی وکەلتوریەکان.

ئه‌م ڕاگه‌یندراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان دوای ئه‌وه‌ دێت ، له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو توركیا چه‌ند هێرشێكی ئاسمانی و زه‌مینی كرده‌ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی ئامانجگرتنی بنكه‌و باره‌گاكانی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامدا چه‌ند هاوڵاتیه‌ك شه‌هید بوون و چه‌ندین ره‌ز باخ و پاوانی هاوڵاتیانیش به‌هۆیه‌وه‌ سوتاون .