ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌یاننامه‌یك بۆ ڕای گشتی بڵاوده‌كاته‌وه‌

دوا نوێکردنەوە: 2020-06-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی نه‌خوازراوى شەڕی سوپای تورکیا وگەریلاکانی پەکەکە له سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌ك بۆ رای گشتی بڵاو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی :

بەداخ و نیگه‌رانیه‌وه‌ جارێکی تر شاهێدی شەڕی سوپای تورکیا وگەریلاکانی پەکەکە دەبینەوە ، بەوبۆنەیەشەوە بۆمبباران وکاولکاری و شه‌هید بوونی هاووڵاتیانی سڤیل لەسەرزەمینی هەرێم سەرهەڵئەداتەوە ..هەمولایەکی ناوخۆ ودەرەکیش جگە لەتەماشاکردن و هەندێ قسەی دوبارە هیچ ناکەن یان هیچیان پی ناکرێ ..

ئێمە لەیەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وێڕای نیگەرانی ورەتکردنەوەی ئەم شەرە نابەرامبەرو خوێناویە ، دەخوازین راشکاوانە بەهەمو لایەکی رابگەیەنین .هەڵوێستی نەگۆڕی ئێمە نارازی بوونە لە چاره‌سه‌ری سەربازی وئەمنی بۆ کێشەکان ، هەوڵی زۆریشمان داوە بۆ گەیاندن وبەئەنجام گەیاندنی ئەم هەڵوێستە .. خەباتی سەردەم ئەبێ سیاسی ومەدەنی بێ و لەناوخۆی وڵاتەوە بێ ، هەروەک وەڵامی دەوڵەت ئەبێ مەدەنی و دیموکراسی و قبولكردنی نازی هاوڵاتی بێ.

ئەم شەڕانە پەرچەکرداری و دووبارەو بێ ئەنجامن، بەزیانی خاک وخەڵکی کوردستانە و ئیستینزافیە و کۆتایی نایێ.. نابێ هیچ لایەنێک ئیجازە بەخۆی بداو به‌ناوی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ نه‌هامه‌تی و كاره‌سات بۆ گه‌ل و وڵات به‌رهه‌م بهێنێت .

مێزی گفتوگۆ ودانوستان لەم سەردەمەدا تەنیا میکانیزم ورێگای بەئەنجامگەیاندنی هەموو پرس ودۆزێکی رەوایە .. بەرهەمی کەمی ئە و مێزە لە زۆری تر باشتر و بەردەوامترە ..


ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی
یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان
20/6/2020