هێزە ئەمنییەكانی هەولێر لە ئامادەباشیدان

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-30 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بە بۆنەی جەژنی كریسمس و سەری ساڵی تازەوە، هێزە ئەمنییەكانی هەولێر لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێریش دەڵێ، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەیان داڕشتووە، وەك وتەبێژی پۆلیسیش گوتی، هاوئاهەنگییەكی تەواو لە نێوان هێزە تەناهییەكاندا كراوە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە میدیاكانی ڕاگەیاند، لە 24ی ئەم مانگەوە، بە هاوكاریی ئاسایش، پۆلیسی هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تێكڕای هێزە ئەمنییەكانی دیكە، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەیان بۆ بۆنەكانی سەری ساڵ و جەژنی كریسمس داڕشتووە.

"پلانە ئەمنییەكە، كە هەولێر و دەوروبەری خراونەتە بەرنامەوە، تا 5ی 1ی 2020 درێژە دەكێشێت". ئەمە قسەی لیوا عەبدولخالق بوو. ناوبراو جەختیشی كردەوە: "پۆلیس و ئاسایش، هەموو هەوڵێك بۆ پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان دەدەن و ڕێگا لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو و نایاسایی دەگرن".

هێزە تەناهییەكانی هەولێر، هەموو پێكەوە لە ئامادەباشیدان و بە وتەی ڕائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، هاوئاهەنگییەكی تەواو لە نێوان هێزە ئەمنییەكاندا كراوە.

لە سەرجەم شوێنە گشتییەكان و ئەو جێگایانەیش كە ئاهەنگیان تێدا ساز دەدرێت، هێزە تەناهییەكان بە وردی چاودێریی دۆخی ئەمنی دەكەن. ڕائید هۆگر روونیشی دەكاتەوە، هەر كاتێك هاونیشتمانیان حاڵەتێكی نایاسایی و نائاساییان بینی، دەتوانن پەیوەندی بە هێڵە گەرمەكانی پۆلیسەوە بكەن بە ژمارەكانی: 066134، 066135، 066137، 066104، 066124، 066144.

 

 ئومێد بابان