شارەزایان: ساڵی ٢٠١٩ بۆ هەرێمی كوردستان ساڵێكی پڕ دەستكەوت بوو

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-30 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- ساڵی ٢٠١٩، ساڵێكی ئاسایی نەبوو بۆ كوردستان، بگرە ساڵێكی پڕاوپر لە مەشهەدی سیاسی و دەستكەوت بوو و كوردستان توانی لە هەموو رووەكانەوە ببووژێتەوە و گەشە بە هەموو بوارە جیاوازەكان بدات، شارەزایانیش دەڵێن، ساڵی ٢٠١٩، بۆ هەرێمی كوردستان ساڵێكی پڕ دەستكەوت بوو.

لە ڕووی ئابوورییەوە

لە ٨ ـی ٣ ـی ٢٠١٩ـدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەوكاتەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری پاشكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی هەڵگرت و دواتر مووچە وەك خۆی دابەش كرا.

لە ١٧ـی ١٠ـی٢٠١٩ـدا، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ٥٠٠ ملیار دیناری بۆ بنیاتنان و گەشەپێدانی ژیرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی ڕێگاوبان و سایلۆ و كارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ تەرخان كرد.

لە ١٠٠ رۆژی یەكەمی كابینەی نۆیەمیشدا، سەرۆكی حكوومەت ڕایگەیاند، حكوومەت توانیویەتی داهاتی نێوخۆی زیاد بكات. لەو بارەیەشەوە، ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ، كاوە عەبدولعەزیز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "گرنگترین و باشترین هەنگاوی ساڵی ٢٠١٩ و كابینەی نوێی حكوومەت، بڕیاری پشتبەستنی ئابووریی وڵات بوو بە هەموو سەرچاوە ئابوورییەكان، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی هەرێم".

ناوبراو گوتیشی: "سەردانی سەرۆكی حكوومەت بۆ توركیا، بۆ ئەوە بوو پەیوەندییە ئابوورییەكان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بەهێزتر بكات".

سیاسەتمەداری دیاری عێراقی، میسال ئالووسی، شایەتیی ئەوە دەدات، كە سیاسەتی ژیرانەی سەكردایەتیی كورد، توانیویەتی پەرە بە ئابوورییەكەی بدات، وەك ئێستا كە ڕێگاوبان و وەبەرهێنانێكی گەورە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.

لە ڕووی سیاسییەوە

لە ١٠ـی ٦ـی ٢٠١٩ـدا، نیچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی خوارد، دوای دوو رۆژ و لە ١٢ـی ٦ـدا، مەسروور بارزانی وەك سەرۆكی حكوومەت ناوزەد كرا و بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راسپێردرا.

دواتر سەرۆكی حكوومەت سەردانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی كرد بە مەبەستی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

لە ١٠ـی ٧ـی ٢٠١٩ـدا، پێكهاتەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان كرا و لە دەنگدانێكی ئاشكرادا كابینەكە متمانەی پەرلەمانی وەرگرت و سەرۆكی حكوومەتیش سوێندی یاسایی خوارد و دواتر هێڵە گشتییەكانی كابینەی نۆیەمی بۆ چوار ساڵ خستە ڕوو.

لە ساڵی ٢٠١٩ـدا، هەرێمی كوردستان پەیوەندییە سیاسییەكانی قووڵتر كردنەوە لەگەڵ وڵاتانی جیهان و هاتنی سەركردە جیهانییەكانیش بۆ هەولێر، بەڵگەی ئەوە بوون كە هەولێر ناوەندێكی دیپلۆماسی و سیاسیی گرینگە. لەو بارەیەوە، د. خەلیل ئەترووشی، مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ساڵی ٢٠١٩، ساڵێكی پڕ دەستكەوتی سیاسی بوو بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە كوردستان توانی بە رێگای پەیوەندییەكانی دەرەوە و دیپلۆماسیەتی حەكیمانە، زاڵ بیت بەسەر قەیرانەكاندا و تەنگژە ئابوورییەكان لەسەر كوردستان هەڵبگیرێن.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ پێی وایە، ئێستا كوردستان پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەهێزتر كردووە و توانیویەتی ببێتە نموونەیەكی جوانی سیاسی و دیپلۆماسی لە ناوچەكەدا.

ئالووسی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، هەرێمی كوردستان شوێنیكی گرنگی ناوچەكەیە و هەمیشە جیهان بە بایەخەوە تەماشەی دەكات، ئێستاش هەولێر قورساییەكی گەورەی لە بڕیاردان لە ناوچەكەدا هەیە.

ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهیشتنی رۆتین

رۆژی دووشەممە ١٥ـی ٧ـی ٢٠١٩ ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، یەكەمین كۆبوونەوەی فەرمیی ساز كرد و لە یەكەم كۆبوونەوەشدا چەندین بڕیاری دەركردن.

یەكەم: سەرجەم وەزیرەكان و خاوەن پۆستە باڵاكان دەبێت پابەند بن بە دەوامی فەرمیی وەزارەتەكانیان لە دەستپێكی دەوامی رۆژانی یەكشەممەوە تا كۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.

‎دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێم دەبێت پابەند بن بە كاتی دیاریكراوی دەوامی فەرمی و هیچ كەسێك بۆی نییە لە كاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی كاركردنی خۆی بەجێ بهێڵێت یان كارێكی دیكەی دەرەوەی ئەركەكەی جێبەجێ بكات.

‎سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنیی كاروباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی كە بە نهێنی پۆلێن دەكرێن، لە دەرەوەی رێكارە یاساییەكان ئاشكرا بكرێن.

‎چوارەم: دەبێت رووتین لە دامودەزگانی حكوومەتدا نەمێنێت و سەرجەم مامەڵەی هاووڵاتیان بە شێوەیەكی خێرا و ورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بكرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سكاڵا و پرسیاری هاووڵاتیان بە شێوەیەكی خێرا و گونجاو، ئەركی دامودەزگاكانی حكوومەتە و دەبێت وەڵامی روون و ئاشكرا بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان هەبێت و هۆكاری هەر دواكەوتنێك یا رەزامەندینەدانێك روون و ئاشكرا بێت و پێویستە رێز لە هاووڵاتیان بگیرێت لە دامودەزگاكانی حكوومەتدا.

‎پێنجەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیلوەرگرتن، لەناو دامودەزگاكانی حكوومەتدا هەستی پێ دەكرێت، بۆیە بنبڕ كردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەكێك لە كارە لەپێشینەكانی وەزیر و بەرپرسە باڵاكانی حكوومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیەك چاوپۆشی لێ ناكرێت و سەرپێچیكاران بە توندی سزا دەدرێن.

هاوكات سەرۆكی حكوومەت، مەسروور بارزانی، لە دیدارێكدا ڕایگەیاند، دەبێت فەرمانبەر مەمنوون بێت كە هاووڵاتی لێی رازی بێت. ئێستاش پڕۆژەی چاكسازی قۆناغی باشی بڕیوە و تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی ئەوەی پارەیەكی زۆر بگەڕێتەوە گەنجینەی هەرێمی كوردستان.

لە ڕووی سەربازییەوە

كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا توانی سەركەوتنێكی گەورە بەدەست بهێنێت و ئێستاش سەركرایەتیی سیاسیی كوردستان هۆشداری دەدەن لە بارەی مەترسییەكانی داعش و وەك فەرماندەیەكی پێشمەرگە دەڵێت، ٢٠١٩  لە ڕووی سەربازییەوە ساڵێكی پڕ لە سەروەری بوو بۆ كوردستان.

لە ساڵی ٢٠١٩ـدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك رابردوو بە هەگبەیەكی دەوڵەمەند و پڕ دەسكەوت، كوتایی بەو ساڵە هێنا، هەرچەندە ناوچەكە بە گشتی بە دەست ئاڵۆزیی سیاسی و كێشەی زورەوە دەناڵێنێت و نائارامی لە لوتكەدایە.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لیوا بەهجەت سێلكی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "شەونخونی و ماندووبوونی پێشمەرگە، وای كردووە كە ئاسایش لە هەرێمی كوردستان بەرقەرار بێت و هەرێمیش وەك تاكە پەناگە بێت و بەردەوام خەڵكی لە شارەكانی دیكەی عێراقەوە رووی تێ بكەن و مومارەسەی ئازادیی خۆیان بكەن، ئەمەش هەمووی لە سایەی هێزی پێشمەرگەوەیە".

ئەو فەرماندەیە، ساڵی ٢٠١٩ بە ساڵی دەستكەوتەكان ناو دەبات و دەڵێت، دانانی سەرۆكی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، كە پێشمەرگە ئامرازی سەرەكیی پاراستنی ئەو دوو دەستكەوتە باڵایەیە، قۆناغێكی گرینگ و چارەنوسساز بوو، هەروەها هەوڵی یەكخستنەوەی هێزەكانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و بە تایبەت یەكەی (۷٠ +۸٠) و كۆكردنەوەیان لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، دڵخۆشكەرە، كە تاكۆ ئێستا (۱٤) لیوا پێك هێنراون.

پەیوەندی لەگەڵ عێراق

هەر لە یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، سەرۆكی حكوومەت بڕیاری دا شاندێك سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغد ا لە چوارچێوەی دەستووردا.

كاوە عەبدولعەزیز، لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا دەڵێت، حكوومەتی هەرێم لە لە كابینەی نوێدا هەنگاوێكی باشی لەگەڵ حكوومەتی عێراق دەست پێكرد، چونكە یەكێك لە پرسەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، پرسی بودجە بوو، بۆیەش پێویستە حكوومەتی هەرێم كێشەی مووچە و بودجە بنبڕ بكات و رێككەوتنێكی درێژخایەن و كۆنكرێتی لەگەڵ بەغدا واژۆ بكات.

لە ١٧ ـی ٧ـی ئەمساڵدا، سەرۆكی حكوومەت سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكی عێراق لەبارەی چەندین پرسی نێوان عێراق و كوردستان كۆبوویەوە و دواتر لەسەر چەند لیژنەیەكی تەكنیكی رێككەوتن بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

ئەترووشی، لە بارەی پەیوەندییەكانی بەغدا و هەولێر جەختی كردەوە، كە ٢٠١٩ باشترین ساڵ بوو بۆ پەیوەندییەكانی نێوانیان و دەشڵێت، تا رادەیەكی زۆر دەستوور لەو ساڵەدا جیبەجێ كرا و باشترین ساڵ بوو بۆ بەڕێكردنی كارەكانیان.

یەكڕیزیی كورد

كەی كورد یەك بووبێت، دەستكەوتی زیاتری بە دەست هێناون، بۆیەش هەمیشە سەركردایەتیی سیاسیی كورد ویستوویەتی كورد سەرەڕای جیاوازییە سیاسییەكانی نێوخۆی، یەكڕیز و یەكگرتوو بن، بۆیەش ١٦ـی ئۆكتۆبەردا سەرۆكی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆبوویەوە بۆ پێكهێنانی فیدراسیۆنێكی كوردی لە بەغدا و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی هەرێم و هەروەها چارەسەری ئاشتیانە بۆ دۆخی رۆژئاوای كوردستان.

لە ٢٦ـی ١١ـدا شاندێكی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچرڤان بارزانی، سەردانی سلێمانییان كرد و لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە و جەختیان لە یەكڕیزی و كاری پێكەوەیی كردەوە.

ئەترووشی، لە بارەی یەكڕیزیی كوردەوە دەڵێت، سەرۆكایەتیی هەرێم لە ٢٠١٩ـدا كارا كرا، كە یەكێك بوو لە هەنگاوە گرنگەكان، ئەمەش بووەتە هۆكارێك كە سەرۆكایەتی هەرێم ببێتە چەتری كۆكەرەوەی هەموو لایەنە كوردستانییەكان و لەو رووەشەوە سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانی، هەنگاوی گەورەی هاویشتووە بۆ یەكڕیزیی كورد.

 پارچەكانی تری كوردستان

سەرۆك بارزانی، هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووە، كە ئاشتی و دانوستان چارەسەری سیاسین و دەبێت گەلانی دونیا بە ئاشتیانە كێشەكانیان چارەسەر بكەن، پەیامیشی بۆ پارچەكانی تری كوردستان ئەوە بووە، خەباتی سیاسی و ئاشتیانە بكەن و شەڕ و كوشتن لە قازانجی هیچ لایەنێكدا نییە.

لە رۆژی ٨ ـی ٩ـی ٢٠١٩ـدا، شاندێكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت كۆبوونەوە و، سەرۆكی حكوومەت مەسروور بارزانی، لەو بارەیەوە رایگەیاند، جەختیان لەوە كردەوە كە شەڕ و وێرانكاری لە قازانجی هیچ لایەكدا نییە و پشتگیریش لە هەر هەنگاوێك دەكەن بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەكەدا و گوتیشی: "ئاماژەمان بەوەش دا كە پرۆسەی دیموكراسی و گفتوگۆی ئاشتیانە، باشترین رێگەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان".

بە هۆی ئەو ڕووداوانەی لە سووریا و رۆژئاوای كوردستان ڕوویان دا، شەپۆلێكی ئاوارەكان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، سەرۆكی حكوومەت مەسروور بارزانی، سەردانی ئەو ئاوارانەی كرد و هەموو پشتیوانییەكی خۆیانی بۆیان دەربڕی.

موسلیم محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان-سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان  دەڵێت، هەمیشە هەرێمی كوردستان پشتیوانی گەلی كوردە و سوپاسیان دەكەین كە هەموو ئەو ئاوارەیەیان لە خۆ گرتووە، ئەمەش نیشانی بەهێزیی هەرێمی كوردستانە.

پێكەوەژیان

لە رۆژی لێبووردەیی جیهانیدا، لە ١٦ـی ١١ـدا، سەرۆكی حكوومەت نوێنەری سەرجەم پێكهاتە ئایینییەكانی هەرێمی كوردستانی كۆكردنەوە جەختی كردەوە، كە كوردستان ماڵی هەموویانە و دەبێت هەموومان كار لەسەر گەشەپێدانی هزری میانڕۆیی و پێكەوەژیان بكەین.

جگە لەوەی هەموو پێكهاتە ئایینییەكان نوێنەریان لە وەزارەتی ئەوقافدا هەیە، كابینەی نوێی حكوومەت وەزیرێكیشی بۆ كاروباری پێكهاتەكان داناوە.

هەیسەم پترس، گرنگیدەر بە كاروباری پێكهاتەكانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، هەرێمی كوردستان ئێستا ئاوارە مەسیحی و ئێزدی و شەبەك و عەرەبەكانی لە خۆی گرتووە، ئەمەش واتای ئەوەیە كە كوردستان مەڵبەندی ئایین و پێكهاتەكانە.

پەروەردە و فێركردن

لە دەستپێكی ساڵی خوێندن و لە ٤ ـی ٩ـی ٢٠١٩ـدا، مەسروور بارزانی بڕیاری دا كە گرنگی بە بواری خوێندن و پەروەردە و خوێندنی باڵا و پێشخستنیان بدرێت، كە ئەمەش لە كارە لە پێشینەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.

سەرۆكی حكوومەت گوتیشی: پێویستە كار لە سەر ئەوە بكرێت كە ئاستی قوتابخانە و زانكۆكانی كەرتی گشتی بەرز بكرێتەوە بە شێوەیەك، كە جیاوازیی ئاستی نێوان قوتابخانە و زانكۆ حكوومی و تایبەتەكان كەم بكرێتەوە.  

هاوكات لە رۆژی یەكەمی خوێندن لە ٢١ـی ٩ـی ٢٠١٩ـدا، سەرۆكی حكوومەت لە پارێزگای دهۆك پشكداری لە ڕێوڕەسمی یەكەم رۆژی خوێندن كرد و رایگەیاند: "یەكێك لە كارە پێشیەكانمان لە كابینەی نۆیەمدا، گرنگیدانە بە پەروەردە".

دوای ئەوەش لە رۆژی ٦ـی ١١ـی ٢٠١٩ـدا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست.

 

كــــــاروان بـــــاعەدری