باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، راپۆرتێكى له‌سه‌ر ره‌وشتى ئه‌منى عێراق بڵاوكرده‌وه‌

دوا نوێکردنەوە: 2020-06-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا راپۆرتێکی لەسەر رەوشی ئەمنی عێراق بڵاوکردەوە کە تیایدا باسی لەو هێرشانە کردووە کە تیرۆریستانی داعش لە ساڵی ٢٠١٩دا بۆسەر ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان ئەنجامیان داوە.

لە بەشێکی راپۆرتەکەدا، ئاماژە بەو هێرشانەش دراوە کە کەتیبەکانی حزبوڵڵای عێراق بۆسەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە بەغدا ئەنجامیان داوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەشێک لەو راپۆرتەی پەیوست بە رەوشی ئەمنی عێراق بڵاوکردەوە کە ساڵانە کۆنگرێس سەبارەت بە هێرشی رێکخراوەی تیرۆریستی داعش، پێشکەش بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای دەکات.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "هێزە ئەمنییەکانی عێراق، وەک پێویست، نەیانتوانیوە ناوچە رزگارکراوەکانی ژێردەستی داعش، کۆنترۆڵ بکەن، چونکە داعش وەک پاڵپشتییەک بۆ دووبارە دامەزراندن و راگەیاندنی خەڵافەتەکەی، بەردەوامە لە هەڕەشەکانی بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق، هەروەها ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی بۆ بەئامانجکردنی هێزە ئەمنییەکان و کەسانی سیاسەتمەدار و لەگەڵ هێرشکردنە سەر ئامانجە مەدەنییەکانی حکوومەتی عێراق".

بەپێی راپۆرتەکە "رێکخراوی تیرۆریسیتی داعش، هەر بە ئامانجی دووبارە دامەزراندنی خەلافەتەکەی هەوڵیاداوە پاڵپشتی دانیشتوانی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکانی سنووری پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین و ئەنبار بە تایبەتیش لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بۆ خۆی بەدەست بهێنێت، چونکە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچانە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال روون نییە".

هەر لە راپۆرتەکەدا ئەوەخراوەتە روو کە ژمارەی قوربانیانی هێرشەکانی داعش لە ٢٠١٩دا لە عێراق بەراورد بە ساڵانی رابردوو، کەمتر بووە.

- گرووپە چەکدارە شیعەکان لە عێراق

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، هێرشی میلیشیا شیعەکان کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن بۆ سەر ئەو بنکە سەربازنییانەی کە لە عێراق هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش تیایاندا جێگیرکراوەن لە ٢٠١٩دا، زیادی کردووە کە بەهۆیەوە ژمارەیەک سەربازی ئەمریکا و عێراق کوژراون.

ئاماژە بەوەشدراوە، کەتیبەکانی حزبوڵڵا کە بە نزیک لە ئێران دادەندرێت و لە لایەن ئەمریکاوە خراوەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، بۆ چەندین جار لە چوارچێوەی پاڵپشتیکردن لە کاندیدکراوانی پارێزگاکان بۆ هەڵبژاردنەکان، هەوڵیداوە بچێتە ناو گۆڕەپانی سیاسییەوە لە عێراق.

حکوومەتی عێراق فەرمانێکی بۆ جێبەجێکردنی ژمارە (٢٣٧) دەرکردووە کە تیایدا داوا دەکات سەرجەم هێزەکانی حەشدی شەعبی بە تایبەتیش ئەو هێزانەی کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن وەک بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان لەژێر فەرمانی فەرماندە سەربازییەکان و ئەمنییەکان ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

لە راپۆرتەکەدا ئەوە وەبیرهێنراوەتەوە کە وێرای ئەوەی حکوومەتی عێراق فەرمانی بۆ جێبەجێکردنی ژمارە (٢٣٧) دەرکردووە، بەڵام بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک بەرەنگارییەک بۆ فەرمانەکەی حکوومەتی عێراق، چالاکییان بۆ تێکدانی سەقامگیری لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە لەوانە ئەو هێرشانەی کە بەرامبەر بە خۆپیشانداران ئەنجامدراوە، جگە لەوەیش چەکدارانی پەکەکە لەناو خاکی عێراقەوە هێرش دژبە تورکیا ئەنجام دەدەن.

- نەبوونی گۆڕانکاری لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق

لەمبارەیەوە لە راپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە عێراق هیچ گۆڕنکارییەکی لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ٢٠١٩ ئەنجام نەداوە.