هەولێر-KDP.info- دوای ئاڵۆزییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی عێراق، چاودێران ھۆشداری دەدەن لە تێکچوونی ڕەوشی عێراق بەرەو ئاستێکی مەترسیدارتر و شارەزایەکیش پێی وایە، عێراق لەبەردەم جەنگێکی ماڵوێرانکەردایە.
حەفتەی ڕابردوو چەند مۆشەکێک سەربازگەی کەیوەنی نزیک کەرکووکی کردە ئامانج، کە ھێزی ئەمەریکای تێدایە و بەھۆیەوە ئەمەریکا چەند گرووپێکی حەشدی شەعبیی بە ئەنجامدانی ھێرشەکە تۆمەتبار کرد و ھێرشی کردە سەر پێنج پێگەی حەشدی شەعبی لە عێراق و سووریا.
کارۆخ خۆشناو، مامۆستای زانکۆ و شارەزای سیاسەتی ئەمەریکا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەر لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانی عێراقەوە تا ئێستا ١١ جار ھێرش کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەنێو خاکی عێراقدا، بەڵام کاتێک لە ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کەیوەن خوێنی ئەمەریکیەک ڕژا، ئەمەریکا بێوەڵام نەمایەوە."
ئەو شارەزایەی سیاسەتی ئەمەریکا پێی وایە عێراق بەرەو جەنگێکی ماڵوێرانکەر دەچێت و دەڵێت: "ئاماژەکان ترسناکن و پێشبینی دەکرێت جەنگێکی خوێناوی عێراق بگرێتەوە، ئەگەر بێت و سنوورێک بۆ ئاڵۆزییەکانی ئێستا دیاری نەکرێت، بەتایبەتی ئەمڕۆ لە بەرانبەر کوژرانی چەکدارەکانیان حەشدی شەعبی ھێرشیان کردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدای پایتەخت."
ئەمڕۆ سێشەممە (٣١-١٢-٢٠١٩)، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بە بۆنەی ساڵی نوێی زایینییە ڕایگەیاند: "لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر جار ھۆشداریی ئەوەمان داوە کە عێراق بەرەو ھەڵدێر دەڕوات و جەختمان لەوە کردووەتەوە، ئەگەر بنەماکانی حوکمێکی مەدەنی و دەستوور جێبەجێ نەکرێن، عێراق تووشی چارەنووسێکی نادیار دەبێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزان دەڵێت: "ئێستاش بە نیگەرانییەکی زۆرەوە موتابەعەی گرژی و ڕووداو و پێشھاتەکانی ئەو دواییەی عێراق دەکەین. لەو بڕوایەداین کە نابێ لایەنە عێراقییەکان ڕێگە بدەن وڵاتەکەیان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی گرفت و ململانێ و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی تر."
پێشتر عێراق و ئەمەریکا ڕێک کەوتوون لەسەر کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق، بەڵام بەھۆی شەڕی داعشەوە دیسان عێراق پێویستی بە مانەوەی ھێزی ئەمەریکا لە عێراقدا بوو، تا ئێستاش جگە لە ئۆفیسی باڵیۆزخانە و دیپلۆماتکارەکانی، ژمارەیەک بنکەی سەربازی و ڕاھێنەری ئەمەریکی لە عێراقدا ھەن. کارۆخ خۆشناو لەو بارەیەوە ڕوونی کردەوە: "بەپێی عورفی نێودەوڵەتی، باڵیۆزخانەی ھەر وڵاتێک لەنێو وڵاتێکی دیکەدا بە خاکی ئەو وڵاتە ھەژمار دەکرێت، پێم وایە ھێرشکردن بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، لە لایەن ئیدارەی ترامپەوە بێوەڵام نابێت."
قائید میرۆ