وەزیری داد: بڕیاره‌كه‌ى سەرۆکی پەرلەمان لە رۆژنامەی وەقائیع بڵاوناكه‌ینه‌وه‌

دوا نوێکردنەوە: 2020-06-30 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وەزیری دادی ھەرێمی كوردستان، وەڵامی بڕیاره‌كه‌ی سەرۆکی پەرلەمان دەداتەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی هەڵگرتنی پارێزبەندیی سۆران عومەر و دەڵێت: بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ نه‌بوو داده‌نرێت و لە رۆژنامەی وەقائیع بڵاونابێتەوە.

به‌گوێره‌ی نوسراوێكی وه‌زیری داد كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستانی كردووه‌هاتووه‌، بڕیاری بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان ژمارە 37 کە لە 14-06-2020 ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و وێنەیەکی دراوەتە وەزارەتی داد بۆ بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی (وەقائیعی کوردستان)، بەداخەوە کە بە بەڕێزتانی رادەگەیێنین کە داوای لێبووردن دەکەین و ناتوانین بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوبکەینەوە.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌ر‌له‌مان "پێچەوانەی رێسای گشتی پلەبەندی یاسایی (سلم التدرج القانونی) دەرچووە" و هەروەها "رای جەنابتان" نەبوونی سەرچاوەی تانەلێدان لە یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی یان سەرۆکی پەرلەمان ناکاتە جێگرەوەی و دەسەڵات و تایبەتمەندی چاودێری لەسەر یاسا دەرچوو لە پەرلەمانی پێنادات، بێ لەبەرچاوگرتنی چۆنێتی و شێوازی تەشریعکردنی هەر یاسایەک یان بڕیارێک.

به‌و پاساوانه‌ی سه‌ره‌وه‌ وه‌زیری داد له‌و نوسراوه‌یدا كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كردووه‌، بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ "نه‌بوو" داده‌نێت و ده‌ڵێت،"بەپێی یاسای بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بۆ بڵاوکردنەوە ناشێت و بڵاوکردنەوەی بێ لە بەرچاوگرتنی ئەوانەی باسکران دەبێتە مایەی رەخنە و پێشینەیەکی ترسناک لەسەر پەرلەمان و سەرۆکایەتی و سیستەمی سیاسی هەرێم. هەروەها لەسەر وەزارەتی داد بەسەرپێچی لە رێسای گشتی و حکومەکانی یاسا تۆماردەکرێت."