كەركووك-KDP.info- چەكدارانی داعش سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوەن بە سوودوەگرتن لە رەوشی ئێستای عێراق، بەرپرسێكی پارتیش لە كەركووك ئاشكرای كرد، لە ھەندێك ناوچە داعش دەسەڵاتی گرتووەتە دەست و حكوومەتی عێراق توانای كۆنتڕۆڵكردنی نەماوە.
دیاری حوسێن، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تیرۆریستانی داعش لە ھەندێ ناوچەی كەركووك بە ئاشكرا دەسووڕێنەوە، بە تایبەتی لە ھەندێك ناوچەی وەك حەویجە و زاب و رەشاد تا دەگاتە قەزای داقووق و نەفتخانە و كۆڵەجۆ و خانەقین بەداخەوە لە ھەندێ شوێن داعش دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست و حكوومەتی عێراقیش وەك پێویست نەیتوانی كۆنتڕۆڵی ئەو سنوورانە بكات".
شەوی رابردوو چەكدارانی داعش لە شارەدێی كۆڵەجۆ ھێرشیان كردە سەر ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و بەوھۆیەوە شەڕوپێكدادانی توند رووی دا و پێشمەرگە ھێرشەكەی داعشی تێكشاند.
پەیوەست بە قەبارەی داعش لە كەركووك و گەرمەسێر، بەرپرسەكەی پارتی دەڵێت: "من نازانم ژمارەیان چەندە و چەندیان زیاد كردووە، بەڵام ئەگەر داعش ١٠ چەكداریشی ھەبێت لەو ناوچەیە، خۆیان رێك خستووەتەوە و لە ژێر سەركردایەتییەكدا جووڵە دەكەن، لەبەر ئەوەش پێویستە بەدوای چارەسەردا بگەڕێین بۆ كۆتاییھێنان بە داعش، لە راستیشدا حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە ئەو ھۆكارانە چارەسەر بكات كە بوونەتە ھۆكاری زیادبوونی داعش لە عێراق".
حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "تێكچوونی رەوشی عێراق و بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكان لەگەڵ نەبوونی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە، كاریگەری ھەبووە لەسەر بەھێزبوونی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، چونكە رەوشی عێراق چەندە ئاڵۆزتر بێت، داعش زیاتر دەتوانێ خۆی بەھێز بكات و سوود لە ئاڵۆزییەكان وەردەگرێت".
قائید میرۆ