دیجیتاڵ میدیاى سپێده
بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ئەمریکا تەواوی کۆگاکانی دەرمانی رێمدێسیڤیری کڕیوە کە لە چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)دا، بەکاردێت.
رۆژنامەی "The Guardian" بڵاوی کردەوە کە ئەمریکا تەواوی کۆگاکانی دەرمانی رێمدێسیڤیری کڕیوە کە لە چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)دا، بەکاردێت.
بانگەشەی ئەوەیش کراوە کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بڕی ٥٠٠ هەزار ژەم لە دەرمانی رێمدێسیڤیر کڕیوە، ئەم بڕەش یەکسانە بەکۆی بەرهەمەکانی کۆمپانیای بەرهەمهێنەر لە مانگی تەمووز و سەدا ٩٠ی بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوولدا.
لە هەواڵەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە بەهۆی ئەم کارەی ترەمپ، وڵاتانی دیکەی جیهان بۆ ماوەی سێ مانگ ناتوانن ئەو دەرمانە بکڕن و ئەم هەنگاوە یەکلایەنەی ئەمریکا نیگەرانییەکی زۆری دروست کردووە.
دەرمانی رێمدێسیڤیر سەرەتا بۆ چارەسەرکردنی ڤایرۆسی ئیبۆلا بەکارهێندرا و دواتر گەشەی پێدرا و بەپێی ئەو تاقیکردنەوانەی لەسەر ئاژەڵان ئەنجامدراون، ئەم دەرمانە کاریگەرییەکی گرنگی لە چارەسەرکردنی ڤایرۆسی سارس و کۆرۆنادا هەیە.
هەروەها ئەم دەرمانە ماوەی چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ١٥ رۆژەوە بۆ ١١ رۆژ کەم دەکاتەوە.