ھێزێکی پاسەوانی سنووری عێراق لە ناوچە سنوورییەکانی زاخۆ جێگیرکران

دوا نوێکردنەوە: 2020-07-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

لیوای یەکی پاسەوانی سنووری عێراق، لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا لە زاخۆ جێگیر کران.

لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری ناحیەی باتیڤا، دلشێر عەبدولستار سەر بە قەزای زاخۆ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانە رایگەیاند، کە ھێزەکانی پاسەوانی سنوور جولەیان پێکراوە و لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر کراون.

دلشێر عەبدولستار گوتیشی: “بەشێک لە ھێزەکانی سەر بە لیوای یەکی پاسەوانانی عێراق جێگورکێیان پێکراوە و لە ناوچەکانی سیارا بەنا و شابانێ و گرێ دێرێ کە ئەم ناوچانە سەر بە ناحیەی باتیفا لە قەزای زاخۆی سەر بە پارێزگای دھۆکن جێگیرکراون ".

دلشێر عەبدولستار گوتیشی: “ھێزەکە راستە سەر بە حکوومەتی ناوەندین، بەڵام کورد و خەڵکی ناوچەکەن و پێشتریش کە ناحیەی باتیڤیا بوون و بنکە و بارەگایان ھەیە و ئەمڕۆ تەنیا جێگۆڕکێیان پێکراوە”.

شایەنی باسە، رۆژی ٢٢ی تەممووز بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە رەوشی ناوچە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، شاندێکی پاسەوانی سنووری عێراق بە سەرۆکایەتیی، فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق فەریق روکن حامید عەبدوڵڵا و بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای دھۆکیان کردبوو.