دیجیتاڵ میدیاى سپێده
سەرۆك کوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری گەیاندنی عێراق، ئەرکان شەهاب ئەحمەد شەیبانی و شاندێکی یاوەری کرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا کە وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا و سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، عەلی خوەیلدی ئامادەی بوون، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی، بە تایبەتی لە بواری گەیاندن تاوتوێ کرا.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، هەر لەو دیدارەدا وەزیری گەیاندنی عێراق ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی لەپێناو پێشخستنی بواری گەیاندن لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
وتیشی: ئێمە رێز لە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرین و دەمانەوێت باشترین پەیوەندی لە نێوان هەردوولادا هەبێت چونکە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی هەموو عێراقە و بە پێچەوانەشەوە.
لەلای خۆیەوە سەرۆك کوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی لە سەر بنەمای دەستوور کردەوە و رایگەیاند، جێبەجێکردنی دەستوور فاکتەرێکی گرنگیی پێشکەوتن و سەقامگیربوونی دۆخی عێراقە.