بەغدا-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: "دوای ئەوەی سەردانی خۆپیشاندەرانمان كرد، دۆخەكە هەندێك ئارام بووەتەوە و راپۆرتێكمان لەبارەی دۆخەكە ئامادە كردووە و پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی دەكەین، بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدات".
د. ناسر هەركی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "سەردانی پارێزگای نەجەفمان كرد و لەگەڵ پارێزگار و فەرماندە و نوێنەری خۆپیشاندەران كۆبووینەوە و گوێمان لە داواكاریی ئەوان گرت، كە داوایان دەكرد چاكسازی بكرێت و گەندەڵی نەمێنێت و دادپەروەری هەبێت و خزمەتگوزاری پێشكەش بكرێت".
هەركی گوتیشی: "ئێمە داواكارییەكان دەكەینە راپۆرتێك و ئەمڕۆ پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی دەكەین بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام دوای چوونمان بۆ ئەو پارێزگایە، دۆخەكە ئارامتر بووەتەوە و خۆپیشاندەران دامركاون".
دەشڵێ: "پارێزگاری نەجەف، كە ئێمە سەردانی ئەو پارێزگایەمان كرد، باسی لەوە كرد كە سەردانەكە زۆر سوودی هەبوو و توانرا هەندێك خۆپیشاندانەكان ئارام بكرێنەوە، ئەمەش هەنگاوێكی باشە".
پەرلەمانی عێراق سێ لیژنەی پێك هێنا تا سەردانی خۆپیشاندەران بكەن بۆ وەرگرتنی داواكارییەكانیان بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستیان بۆ بدۆزنەوە.
بڵند ئیبراهیم