"بەھۆی ئاڵۆزییەکانی عێراق داعش ئامادەکاری بۆ گرتنەوەی مووسڵ دەکات"

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-01 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  بەھۆی ئاڵۆزییەکانی عێراقەوە مەترسی کەوتووتە سەر شاری مووسڵ و بەگوتەی بەرپرسێکی مووسڵ داعش ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی دەستی خۆی بوەشێنێت و ھۆشداری لەدەستدانی مووسڵیشی راگەیاند.

ھاشم بریفکانی، سەرۆکی پێشووی لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، پارێزگای مووسڵیش بەشێکە لە عێراق و رەوشی ئەمنی عێراق پێکەوەیە، واتە تێکچوونی رەوشی عێراق کاریگەری لەسەر تێکچوونی رەوشی مووسڵ پەیداکردوە و بەداخەوە بەھۆی ئاڵۆزییەکانی رۆژانی رابردووی عێراق شانەکانی داعش لە مووسڵ کەوتوونەتە جووڵە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی بەعاج و گەیارە و چەندین دەڤەری دیکەی مووسڵ چەکدارانی داعش کەوتوونەتە ئامادەکاری بۆ ئەوەی دەستی خۆیان بوەشێنن.

بەرپرسەکەی مووسڵ جەختی کردەوە، لەچەند رۆژی رابردوودا داعش لە چیای حەمرین و دیالە تا کۆتا سنووری مووسڵ چەندین کردەی تیرۆرستی و ھێرشی ئەنجامدا وە و رووبەڕۆبوونەوە لەنێوان ئۆپەڕاسیۆنەکانی نەینەوا و چەکدارانی سەر بە داعش روویداوە.
بریفکانی دەشڵێ، رەوشی ئەمنی مووسڵ زۆر ھەستیارە و ھەر کۆنەوە مووسڵ وابووە، لەبەر ئەوەش ھەر ئاڵۆزییەکی دیکە لە عێراق روو بدات مەترسی لەدەستدانی رەوشی ئەمنی مووسڵ ھەیە و رووداوەکانی عێراق کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئەو پارێزگایە ھەیە پێموابێت رەوشەکە زیاتر ئاڵۆزببێت داعش دەبێتە ئامانجی گروپی تیرۆریستی داعش.
قائید میرۆ