داواده‌كرێت ھاووڵاتییان 22 رۆژ لە ماڵەکانیان، خۆیان کەرەنتین بکەن

دوا نوێکردنەوە: 2020-07-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

دوای شەش رۆژ لە قەدەغەی ھاتوچۆی تەواوەتی لە پارێزگای ھەولێر، قەدەغە ھەڵگیرا و ڕێکاری نوێ بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیرایە بەر، بۆ لەمەودواش ھەموو ھاووڵاتییەک دەبێت لەکاتی ھاتنەدەرەوەی لەماڵەوە ماسک ببەستێت و ھەرکەسێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت.

پارێزگاری ھەولێرلە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند : بۆ خۆپارێزی تەواو لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و کۆنترۆڵکردنی پێویستمان بەوەبوو 28 رۆژ قەدەغەی تەواوەتی رابگەیەنین بەڵام لەبەر باری سەختی ئابووری ھاووڵاتییان نەمانتوانی ئەو بڕیارە قورسە بدەین و تەنیا شەش رۆژ قەدەغەمان راگەیاند.

فەرسەت سۆفی داوای لە ھاووڵاتییان کرد 22 رۆژی دیکە خۆیان خودپارێزی بکەن و رایگه‌یاند: داواکارین ھاووڵاتییانی ھەولێر ھاوکارمان بن 22 رۆژ لە ماڵەکانیان خۆیان کەرەنتین بکەن و بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەیەنە دەرەوە، لەکاتی ھاتنە دەرەوەش دەبێت ماسک ببەستن و ھەر ھاووڵاتیی یان دوکاندار و فرۆشیارێک ماسک نەبەستێت سزا دەدرێت.

بەپێی رێکارە نوێکانی قەدەغەی ھاتوچۆ لە ھەولێر، شەوان بازار و دوکانەکان دادەخرێن و لەکاتژمێر8ی ئێوارەوە تاوەکو 8ی بەیانی بەتەواوی ھەموو دوکان و بازاڕەکان دادەخرێن و رێگا بەکەس نادرێت شوێنەکانیان بکەنەوە، ھەرکەس سەرپێچی بکات و لەو ماوەیە دوکانەکەی کراوەبێت بۆ ماوەی ھەفتەیەک شوێنەکەی دادەخرێت.

فەرسەت سۆفی راشیگه‌یاند: رۆژانی ھەینی ھەموو شوێنە بازرگانی و دوکان و بازارەکان دادەخرێن و رێگا بە کردنەوەیان نادرێت جگە لە سەمونخانە و نانەواخانە و دەرمانخانەکان نەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد کە ھێلەکانی گواستنەوەی گشتی دەبێت پابەندی رێکارە تەندروستییەکان بن و تاکسی نابێت لە دوو سەرنشین زیاتر ھەڵبگرێت و دەبێت ماسکیان بەستبێت، پاسەکانیش دەبێت بە ھێندەی نیوەی کورسیەکانیان نەفەر ھەڵبگرن و ھەموو سەرنشینێکیش ماسک ببەستێت.

فەرسەت سۆفی جه‌ختیشی كرده‌وه‌ کە چێشتخانە و خواردنگەکان کراوەدەبن بەڵام تەنیا بە دلیڤەری دەتوانن خواردن بفرۆشن و چایخانە و ساردەمەنییەکانیش دەبێت پەرداخی سەفەری بەکاربھێنن و نابێت کورسی و مێز دابنێن بۆ دانیشتنی خەڵکی.

پارێزگاری ھەولێرئه‌وه‌ش روونكرده‌وه‌ كه‌ دەسەڵاتی تەواومان داوەتە قایمقامەکان کە ئەگەر لە سنوورەکانیاندا ھەستیانکرد رێژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تەشەنەی سەندووە و ژمارەی تووشبووان زۆرن دەتوانن قەدەغەی تەواوەتی ھاتوچۆ یان مەرجدار یان ھەر رێکارێکی خۆپارێزی رابگەیەنن.