هاوپەیمانی فەتح: تاقیکردنەوەی سیستەمی پاتریۆت لەلایەن ئەمریکاوه‌ قبوڵکراو نییە

دوا نوێکردنەوە: 2020-07-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری رایگەیاند، تاقیکردنەوەی سیستەمی بەرگریی مووشەکی پاتریۆت لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا قبوڵ کراو نییە و دەبێت حکوومەتی عێراق لەسەر ئەو کارە بێ دەنگ نەبێت و هەڵوێستی توندی هەبێت.

هاوپەیمانی فەتح راگەیەندراوێکی سەبارەت بە تاقیکردنەوەی سیستەمی بەرگریی مووشەکی پاتریۆت کە دوێنێ شەممە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئەنجامدرابوو بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەوەی دوێنێ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە تاقیکردنەوەی سیستەمی بەرگریی مووشەکی پاتریۆت ئەنجامیداوە، کارێکی قبوڵکراو نییە و بە پێشێلکردنی هەموو دابونەریتەکانی دپیلۆماتی و یاساکانی نێودەڵەتیی دادەندرێت".

هاوپەیمانی فەتح راشیگەیاندووە "ئەو کارەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بەردوامی پێشیلکردنی سەروەریی عێراق دەردەخات، ئەگەر نا چۆن دەکرێت باڵیۆزخانە نێردەکانی دیپلۆماتی لە ناوجەرگەی بەغدا ببن بە پێگەی سەربازی، لەوە سەیرتر ئەوەیە کە خاوەن بریاڕەکان لە عێراق بەرامبەر ئەو کارەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بێ دەنگن و هیج هەڵوێستێکیان نییە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە ئەوە دوێنێ لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئەمریکا بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە رووی دا، ترس و دڵەراوکێی لای هاووڵاتییان دروستکردووە و بۆیە دەبێت حکوومەتی عێراق لەسەر ئەو کارە بێ دەنگ نەبێت و هەڵوێستی توندی هەبێت بۆ ئەوەی ئەوەوی ئەوە کارە دووبارە نەبێتەوە.

دوێنێ شەممە، تاقیکردنەوەی سیستەمی بەرگریی مووشەکی پاتریۆت لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئەنجام درابوو.

لای خۆیەوە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن کەعبی ئیدانەی تاقیکردنەوەی سیستەمی بەرگریی مووشەکی پاتریۆتی لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کردبوو، رایگەیاندبوو کە پێویستە حکوومەت هەنگاوی توند بۆ وەستانی ئەو جوڵە و چالاکیانەی بگرێتەبەر کە دەبێتە هۆی ئیستیفزازکردنی هەستی رۆڵەکانی گەلی عێراق.