ئه‌مه‌ریكا ئاستی هۆشداریی بۆ ئاستی 4 به‌رزكردووه‌ته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-02 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

ئه‌مه‌ریكا-KDP.info- دوای هێرشكردنه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا، واشنتن هۆشداری ده‌داته‌ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت گه‌شتی عێراق بكه‌ن و یه‌كه‌م ئامۆژگاریشی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا ده‌كرێت گه‌شت نه‌كه‌ن.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2/1/2020، ئاستی هۆشداریی بۆ ئاستی 4 به‌رزكردووه‌ته‌وه‌ و نووسیویه‌تی: "گه‌شت بۆ عێراق مه‌كه‌ن".

له‌ لیستی ئامۆژگارییه‌كانیش له‌ ئاستی چواره‌می هۆشدارییدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، كه‌ به‌ر له‌وه‌ی هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكا گه‌شت بۆ ئه‌و شوێنه‌ بكه‌ن، پیویسته‌ وه‌سیه‌تنامه‌ بنووسن و میراتگرانی دیاریبكه‌ن.

پێشتریش باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاگاداری هاووڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ عێراقن، كاره‌كانی باڵیۆزخانه‌ راگیراوه‌ و بۆ هه‌ر كارێك بگه‌ڕێنه‌وه‌ كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌ولێر.

رۆژی 31/12/2019، لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی و حزبوڵڵای عێراق، له‌ به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا گردبوونه‌وه‌ و دواتریش هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌كه‌.

هۆكاره‌كه‌شی بۆردومانكردنی چه‌كدارانی حزبوڵڵایه‌ به‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌، كه‌ رۆژی 29/12/2019 پێگه‌كانی ئه‌و گرووپه‌ی له‌ سه‌ر سنووری نێوان عێراق و ئێران بۆردومان كردبوو و به‌هۆیه‌وه‌ 28 چه‌كدار كوژران و 48ی دیكه‌ش برینداربوون.