نوێنەری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: ئامادەین هاوکاری هەولێر و بەغدا بکەین بۆ رێککەوتن

دوا نوێکردنەوە: 2020-07-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد دەربارەی بارودۆخی عێراق و هەوڵەکانی چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە هەولێر سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی کرد لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین هێنیس پلاسخارت.
لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆیان کردووە دەربارەی بارودۆخی عێراق و هەوڵەکانی چارەسەر کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ.
بەپێی راگەیاندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیی پێشانداوە بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی و گەیشتنە رێککەوتنێکی گشتگیر و بنەڕەتی و درێژخایەن کە جێگای رەزامەندی هەردوولا و لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانی راگەیاندووە، دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە بە ئامانجی چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەلپەسێردراوەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بنەمای دەستوور.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی لە گرنگیی کاراکردنەوەی میکانیزمی هەماهەنگی هاوبەشی ئەمنیی کردەوە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.