حكوومەتی عێراق: ئەو كەسانەی تێوەگلان لە كوشتنی عێراقییەكان رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە

دوا نوێکردنەوە: 2020-07-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپیده‌

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی: "هێشتا هەست بە ئازاری تیرۆركردنی هیشام هاشمی دەكەین، بۆیە ئەو كەسانەی كە تێوەگلان لە كوشتنی عێراقییەكان رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە"

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رایگەیاند كە هێشتا هەست بە ئازاری تیرۆركردنی هیشام هاشمی دەكەن، جەختیش لە سەر ئەوە دەكاتەوە، ئەو كەسانەی كە تێوەگلان لە كوشتنی عێراقییەكان رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازكرد.

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا، ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو و رایگەیاند لە كۆبوونەوەكەدا، مستەفا كازمی ئاماژەی بەوەداوە كە یەكێك لە شەقامەكانی بەغدا بەناو هیشام هاشمی دەكرێت و جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە هەوڵی زیاتر بۆ دەستگیرگردن و سزادنی بكوژانی هیشام هاشمی دەخەنەگەڕ.

بەپێی راگەیەندراوەكە هەر لە كۆبوونەوەكەدا، مستەفا كازمی گوتوویەتی: " ئەو كەسانەی تێوەگلان لە كوشتنی عێراقییەكان رووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە، هەرگیز رێگە بە روودانی گرژیی و دروستكردنی سیاسەتی مافیا لە عێراق نادەین".

راشیگەیاندووە كە، رێگە بە هیچ كەسێك نادەن عێراق بكات بە دەوڵەتی چەتەكان و گوتی: "گەلەكەمان شاینی باشترینن بۆیە دەبێت لە پێناویان كاری زیاتر بكەین و كاتی ئەوە هاتووە دەستكەوت و كارەكان دەربكەون".

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، مستەفا كازمی ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە كە حكوومەتەكەی لە رەوشێكی پڕ لە قەیران پێكهێندراوە كە حكوومەتی چارەسەركردنی سیاسی، ئەمنی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و تەندروستییە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكوەزیران مستەفا كازمی رایگەیاندووە کە، "كاركردن و دەستكەوت تاكە رێگەمانە بۆ گەیشت بە ئامانجەكان و یاسای دەوڵەت لەسەرووی هەمووانەوەیە و هیچ كەسێك لەسەرووی یاساوە نییە".