میوانخانە و چێشتخانە گەشتیارییەكان پابەندی نرخ دەكرێن

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-02 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ بووژانەوەی كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان، بڕیار دراوە ئەو شوێنانەی كە مۆڵەتی گەشتیارییان هەیە، پابەندی نرخ بكرێن و نابێت بە ئارەزووی خۆیان نرخ لەسەر گەشتیار زیاد بكەن.

شوكر عەبدولشێخ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هاتنی گەشتیاران بە بۆنەی سەری ساڵەوە بۆ شارەكانی كوردستان لە سەرووی پێشبینییەكانەوە بوو، ئەمەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی كەرتی ئابووری و گەشتیاری لە كوردستان".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: "ئەو شوێنانەی كە مۆڵەتی گەشتیارییان هەیە، چاودێرییان دەكەین و پایەندی نرخیان دەكەین، بە جۆرێك كە گونجاو بێت لەگەڵ رۆژگاری ئەمڕۆ و وڵاتانی دەوروبەر، هەر كەسێكیش لە نرخە دیاریكراوەكان زیاتر شت بفرۆشێت یان بە كرێ بدات، لە رێگای لیژنەكانی قایمقامیەتی شارەكان و قەزاكانەوە سزا دەدرێت. هەروەها مانگانە سەردانیان دەكەین و چاو بە لیستی فرۆشەكانیاندا دەخشێنینەوە، بۆ ئەوەی لە سەر پێچییەكانیان ئاگادار بین".

جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكان دەشڵێ: "هەموو شوێنە گەشتیارییەكانمان ئاگادار كردووەتەوە، كە پێویستە نرخەكان بە تابلۆیەكەوە هەڵبواسن یاخود لەسەر مێزێكی دابنێن بۆ ئەوەی نرخەكان بۆ گەشتیاران ڕوون و ئاشكرا بن".

 

هێدی كاكەیی