عێراق.. رێگە نادرێت دوو کەس لەسەر ماتۆرسکیلێک سەربکەون

دوا نوێکردنەوە: 2020-07-08 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆ سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق: "لەمەودوا، رێگە نادرێت دوو کەس لەسەر ماتۆرسکیلێک سەربکەون و هەر کەسێکێش سەرپێچی ئەو بڕیارە بکات دەست بەسەر بە ماتۆرسکیلەکەیدا دەگیرێت و بە 100 هەزار دینار سزا دەدرێت".

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆ سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند کە بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە لێخورینی ماتۆرسکیل لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە دەرکردووە و ئاماژە بەوە دەکات کە بەپێی بڕیارە نوێیەکە رێگە نادرێت دوو کەس لەسەر ماتۆرسکیلێک سەربکەون.

لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆ لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لیوا زوهێر خەفاجی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە کە ژمارەیەکی زۆر جۆری ماتۆرسکیل، بە پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکان هاوردەکراون و گوتی:

"بڕیارێکی نوێ سەبارەت بە لێخورینی ماتۆرسکیل لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە دەرکراوە کە بەپێیەوە، رێگە نادرێت دوو کەس لەسەر ماتۆرسکیلێک سەربکەون".

لیوا زوهێر خەفاجی ئاماژەی بەوەیش دا، هەر کەسێک سەرپێچی بڕیارە نوێیەکە بکات کە ئەمڕۆ چوارشەممە دەرکراوە، ئەوا دەست بەسەر ماتۆرسکیلەکەیدا دەگیرێت، جگە لەوەیش بە ١٠٠ هەزار دینار سزا دەدرێت".