سۆران-KDP.info- بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران، ئاگاداری ھاووڵاتیانی سنووری ھەر چوار شارۆچكەكانی سۆران و چۆمان و رواندز و مێرگەسۆر و ناحیەكانی دەوروبەری دەكاتەوە، ئەو كەسانەی سەرپێچییان كردووەتە سەر كەرتی كارەبا، پێویستە لە ماوەی مانگێكدا سەردانی بەڕێوەبەراتیی كارەبای سۆران بكەن، چونكە دواتر رووبەڕووی سزا دەبنەوە.
ئەندازیار فەیسەڵ حوسێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئاگاداری گشت ھاووڵاتیانی سنووری بەڕێوەبەراتیمان دەكەینەوە، ئەو ھاووڵاتیانەی سەرپێچییان لە كارەبای نیشتیمانی كردووە یان تا ئێستا پێوەری كارەبایان لە ماڵەكانیان نەبەستووە، هەروەها ئەوانەی ناویان لای ئێمە تۆمار نەكردووە، دەتوانن تا كۆتایی مانگی 12 سەردانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای سۆران بكەن بۆ تەواوكردنی مامەڵەكانیان بە بێ ھیچ سزایەك".
بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای سۆران ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەوە ھەنگاوێكی گرینگە بۆ نەھێشتنی سەرپێچییەكانی سەر كەرتی كارەبای نیشتیمانی، بۆیە پێویستە ھاوبەشانی كارەبا لە ماوەی یەك مانگدا سەردانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان بكەن، چونكە لە رێكەوتی 1-1-2020 تیمەكانی نەھێشتنی سەرپێچیی كارەبا بە ھەماھەنگیی وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای ھەولێر و دامودەزگا حكوومییەكان، سزای دارایی و یاسایی توندی سەرپێچیكارانی سەر كارەبای نیشتیمانی دەدەن".
سیروان سابیر