ئاژگەیی: 95%ی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-05 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا، بەشداری لە كۆبوونەوەی سندووقی هاریكاریی مەداد بۆ پرسی پەنابەرانی سووریا لە كۆمسیۆنی ئەورووپا كرد، كە بە ئامادەبوونی نوێنەری وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەورووپا و باڵیۆزی وڵاتانی دراوسێی سووریا بەڕێوە چوو.

د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا، لە كۆبوونەوەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر پرسی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەش كرد كەوا لە ئێستادا 95%ی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر هەرێمی كوردستان زیاتر لە 350 هەزار پەنابەری سووری لە خۆگرتبوو، هەروەها لە دوای هاتنی شەپۆلی نوێی پەنابەران لە سووریا تاكو ئێستا زیاتر لە 18 هەزار كەسیان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.

لە درێژەی وتارەكەیدا، د. دلاوەر داوای لە وڵاتانی ئەورووپا كرد، كە بە دەنگ هاوكاری و یارمەتیدانی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەوە بێن، كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن و ژمارەیان بە گشتی دەگاتە 1.5 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ و پەنابەری سووری.

هاوكات باسی لە هەوڵ و پلان و ئامادەكارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ بەدەنگەوەهاتنی هەزارەها ئاوارەی ڕۆژئاوای كوردستان. هەروەها پلانی ئامادەكراوی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بەسەر سەرجەم وڵاتانی ئەندامی بەشدار لە كۆبوونەوەكە و كۆمسیۆنی ئەورووپا دابەش كرد، كە بووە جێگەی سەرنج و تێڕوانینی بەشداربووان.

ئەم كۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی ئامادەكاری یەكێتیی ئەورووپا دێت بۆ ساڵی داهاتوو 2020 و، بڕیارە لە پلانەكەدا گرنگی بە داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت و هاوكاریی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە بكرێت، كە هەرێمی كوردستان لە خۆی گرتوون.

شایەنی باسە، سندووقی هاریكاریی مەداد، بریتییە لە كۆكردنەوەی هاریكاریی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا و كۆمسیۆنی ئەورووپا، كە تایبەتە بە قەیرانەكانی سووریا و بە مەبەستی بەدەنگەوەهاتنی ئەو وڵاتانەیە كە ئاوارەی سوورییان لە خۆ گرتووە.