”خەباتی یەکێتییەکانی بادینان لە یەکێتییەکانی سلێمانی کەمتر نەبووە“
سهرکردەیەکی دهۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتوندی هۆشداری لە ئەگەری پەراوێزخستنیان لە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەیان دەدات و ڕای دەگەیەنێت کە دەبێت ئەوان بگەنە ئاستی ناوەندی بڕیار.
عه‌لی ئوره‌ماری، جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی چواری دهۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بە (باس‌نیوز)ی راگەیاند، دوای نه‌مانی مام جه‌لال، بۆشایی لەنێو یه‌كێتی دروست بووه، ژینگه‌ی یه‌كێتی لە درووستبوونیەوە له‌سه‌ر چه‌ند مینبه‌رێكی جیاواز بووه و ململانێی تێدا بووه، ئێستا قسه‌كه ئه‌وه‌یه كێ سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتی ده‌گرێته ده‌ست؟كێ سكرتێری گشتیی یه‌كێتی ده‌گرێته ده‌ست؟ ئه‌گه‌ر سكرتێریش نه‌بێت، خۆ هه‌ر ده‌بێت كه‌سێك سه‌رۆكی یه‌كێتی بێت“.
بۆیە بە گرنگی زانی، جۆرێک لێکتێگەیشتن بۆ كۆنگره‌ی حزبەکەی هه‌بێت، بەڵام ”نەک بە مانای ڕێککەوتن، چونکە رێككه‌وتن گرنگیی كۆنگره له‌ناو ده‌بات“. لەگەڵ ئەوەشدا ”لێکتێگەیشتن واده‌كات ئه‌و ململانێیه‌ی له‌ناو حزب هه‌یه و گرووپێك له گرووپه‌كانی دیكه به‌هێزتر بێت، ئه‌وانی دیكه فه‌رامۆش بكرێن ئه‌مه به لێگه‌یشتن خاو ده‌بێته‌وه، به‌ڵام به‌رێككه‌وتن توندتری ده‌كاته‌وه، بۆیه ئێستا جۆرێك له گفتوگۆ له‌ناو یه‌كێتی هه‌یه بۆ زه‌مینه خۆشكردن، به‌ڵام نه‌گه‌یشتوه‌ته ئاستی رێككه‌وتن“.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاشکرای کرد کە ئێستا ”جۆرێک لە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن“ لە نێوان بنەماڵەی تاڵەبانی و کۆسرەت ڕەسووڵ و بەرهەم ساڵح هەیە تاوەکوو پرسی سەرۆکایەتیکردنی حزبەکەیان یەکلا بکەنەوە، ”ڕەنگە ئەم لێکتێگەیشتنە باش چووبێتە پێشەوە، بەڵام ئێمە لەگەڵ ڕێککەوتن نین“.
لەبارەی دواخستنی کۆنگرەشەوە ئۆرەماری دەڵێت: ”جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی رێگە به دواخستنی كۆنگره نادات، هیچ لایه‌نێكیش ناوێرێت ئه‌و بڕیارە بدات، به‌ڵام ره‌نگه چه‌ند رۆژێك ماوه‌ی كۆنگره درێژ بکرێتەوە، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئاماده‌كاری و پرسی هونه‌ریی كۆنگره".
ئەو بەرپرسەی دهۆکی یەکێتی، داوا لە کادیرانی سنوورەکەیان دەکات، ”یەکدەنگیی خۆیان بپارێزن، چونکە بادینان ئه‌و چانسه‌ی نه‌بووه خۆی بەڕێوە ببات، له كۆنگره‌ی سێ ڕێگه نه‌درا كه نوێنه‌رایه‌تیمان بۆ سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێرین“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئه‌مجار په‌یامیان هه‌یه، ”رێگە ناده‌ین كه‌س له‌سه‌ر حسابی یەکێتییەکانی بادینان بكرێته سه‌ركردایه‌تی و ده‌بێت ئه‌مجاره وه‌ك بادینی ده‌نگی خۆمان دروست بكه‌ین و رێگە نه‌ده‌ین خه‌ڵك له‌سه‌ر ده‌نگی ئێمه بچێته سه‌ره‌وه و ئه‌مه تێگه‌یشتنی فراوانه له‌لای دهۆكییه‌كان كه نه‌كه‌وینه ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م باڵ و ئه‌و باڵ“.
ڕەخنەشی لە لاوازیی پێگەی دهۆکییەکانی نێو یەکێتی لە پۆستەکانی حزبەکە لە حکوومەت گرت و گوتی: ”ماوەی ٩ ساڵ به‌سه‌ر كۆنگره‌دا تێپەڕیوە، یەکێتییەکانی بادینان باج ده‌دەن، بۆیه ده‌بێت له‌م كۆنگره‌یەدا رێز له ئیراده‌ی خه‌ڵكی بادینان بگیرێت، بەداخەوە بادینان پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره نه‌بووه بەلایانەوە، له ئیداره‌دان و بڕیارەکانی یه‌كێتیدا وه‌ك ژماره حسابی بۆ نه‌كراوه، خه‌ڵكی بادینان ئه‌مه ده‌بینن و وه‌ك بادینان قەبووڵی ناكه‌ین یه‌كێتی وه‌ك رێكخراوێكی خێرخوازی چاو له بادینان بكات“.
عه‌لی ئورهماریی، پێیوایە کە خەباتی یەکێتییەکانی بادینان لە یەکێتییەکانی سلێمانی کەمتر نەبووە، بۆیە ”دەمانەوێت بەشداریی ڕاستەوخۆمان له بڕیاری یه‌كێتیدا هه‌بێت، قەبوڵ ناكه‌ین په‌راوێز بخرێین، به‌كرداریش دیاره كه سلێمانی کۆنتڕۆڵی بڕیاری یه‌كێتی كردووه، بۆیه یه‌كێتی بەردەوام له بادینان پاشه‌كشه‌ی كردووه، ئەم کەمبوونەوەیەش ده‌رخه‌ری پشتگوێ خستنهکەیە، ڤاڵانمان له دهۆك گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوەڕەی کە ده‌بێت دهۆك ببێته یه‌كێك له‌ناوه‌نده‌كانی بڕیار، بۆیه كه له رابردوو نه‌كراوه، ساڵ له‌دوای ساڵ یه‌كێتی پاشه‌كشه‌ی كردووه“.