بەغدا-KDP.info- گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، پارتی دانوستانەكانی بەردەوامن بۆ ئەوەی دۆخی عێراق ئارام ببێتەوە. دەشڵێ: "دەمانەوێ كەسێك بۆ سەرۆكوەزیران دەستنیشان بكەین، كە جێگای رەزامەندیی خەڵك بێت".
ئارام باڵەتەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دانوستانەكانمان بەردوامن لەبارەی دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، كە جێگای رەزامەندیی عێراقییەكان بێت و ئێمەش وەك پارتی پشتیوانی دەبین و هیچ هێڵێكی سوورمان لەسەر كەس نییە."
لەبارەی یەكهەڵوێستیی كورد لە بەرانبەر دانانی سەرۆكوەزیرانێكی نوێ، باڵەتەیی ئاماژەی دا، پارتی و یەكێتی لەسەر ئەم پرسە لە یەك نزیكن، بەڵام تا ئێستا لەگەڵ لایەنەكانی دیكە كۆنەبوونەتەوە، ئەگەر كەسێكیش دەستنیشان كرا، ئەو كات كوردیش كۆدەبێتەوە.
كاروان باعەدری