سوپای پاسداران دەقی ئەو نامەیە ئاشکرا دەکات کە واشنتۆن دوای کوژرانی سولەیمانی ئاڕاستەی کردون

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-04 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

جێگری فەرماندەیی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، واشنتۆن لەو نامەیەدا کە لە رێگەی سویسراوە ئاڕاستەی کردون داوای کردوە کە نابێت "کاردانەوەی ئێران لە ئاستی کوژرانی سولەیمانی زیاتر بێت"، دەشڵێت واشنتۆن ناتوانێت شێواز و ئاستی کاردانەوەکانی ئێران دیاریبکات.

کاردانەوەی ئێران نابێت لە ئاستی تۆڵەسەندنەوە لە کوژرانی قاسم سولەیمانی زیاتر تێپەڕێت


عەلی فەدەوی جێگری فەرماندەیی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشكردوە، "نامە فەڕمییەکەی ئەمریکا داوا دەکات کە کاردانەوەی ئێران نابێت لە ئاستی تۆڵەسەندنەوە لە کوژرانی قاسم سولەیمانی زیاتر تێپەڕێت".

واشنتۆن ناتوانێت شێواز و چۆنییەتی کاردانەوەی ئێران بەرامبەر کوژرانی سولەیمانی دیاریبکات

 

 
ئەوەشی خستوەتەڕو، "واشنتۆن ناتوانێت شێواز و چۆنییەتی کاردانەوەی ئێران بەرامبەر کوژرانی سولەیمانی دیاریبکات، شارەزایان دەزانن کە تاوانەکەی ئەمریکا خاڵییە لە هەمو بەهایەکی ئاسایشی، هەمو لایەکیش دەزانن کە جوڵەکانی سولەیمانی بە نهێنی نەبوە".

ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی سویسرا رایگەیاند، یەکێک لە دبلۆماتکارەکانیان نامەیەکی فەرمی ئەمریکای بۆ دەسەڵاتدارانی ئێرانی بردوە، کە پەیوەندی بە کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە هەبوە.

بەرەبەیانی 3/1/2020، لە هێرشێكی موشەكی فرۆكەكانی ئەمریكا بۆ سەر دو ئۆتۆمبێل لە نزیك فرۆكەخانەی بەغداد، هەریەك لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی گشتی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و 8 كەسی دیكە كوژران.