عێراق بۆ کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان: ئاسمانی بەغدا ئارامە

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-04 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-
دەستەی فڕۆکەوانی عێراق رایگەیاند، نامەیەکیان ئاڕاستەی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی جیهان کردوە و دڵنیایان کردونەتەوە کە دۆخی ئێستای بەغدای پایتەخت سەقامگیرە.

ژمارەیەک هێڵی فڕۆکەوانی گەشتەکانیان بۆ عێراق راگرتوە لەوانە هێڵی ئاسمانی شانشینی ئەردەن

سەرچاوەیەک لە دەستەی فڕۆکەوانی عێراق بە کەناڵی روسیا تودەی رایگەیاندوە، ژمارەیەک هێڵی فڕۆکەوانی گەشتەکانیان بۆ عێراق راگرتوە لەوانە هێڵی ئاسمانی شانشینی ئەردەن، هەروەها ژمارەیەک کۆمپانیاش تاوتوێی راگرتنی گەشتەکانیان دەکات.
عێراق دڵنیایی داوەتە کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری گەشتی ئاسمانی کە ئاسمانی عێراق بۆ گەشتە ئاسمانییەکان ئارامە

ئاماژەی بەوەشکردوە، "دەستەی فڕۆکەوانی عێراق دڵنیایی داوەتە کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری گەشتی ئاسمانی کە ئاسمانی عێراق بۆ گەشتە ئاسمانییەکان ئارامە و روبەروی هیچ مەترسییەک نابنەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئەمریکا و کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و ئەبو مەهدی موهەندیش جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دۆخی ئیستای عێراق لەسەر ئاستی سیاسی و ئەمنیی بە دۆخێکی ناهەمواردا تێدەپەڕێت.

بەرەبەیانی 3/1/2020، لە هێرشێكی موشەكی فرۆكەكانی ئەمریكا بۆ سەر دو ئۆتۆمبێل لە نزیك فرۆكەخانەی بەغداد، هەریەك لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی گشتی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و 8 كەسی دیكە كوژران.