گۆڕانكاری له‌ به‌رنامه‌ی كاره‌بای موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كاندا دەکرێت

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-04 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

نرخی کاتژمێرێک ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی 12 به‌ 39.26 دیاریكرا و خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدەكانیش لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ مانگی یه‌ك گۆڕانگاری تێدا كرا.

بەمەبەستی دیاریكردنی نرخی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان، ئەمڕۆ شەممە به‌سه‌رپه‌رشتی ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخ و به‌رنامه‌ی موه‌لیده‌ كه‌ له‌ نوێنه‌رانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاره‌با و كۆنترڵی كاره‌بای سلێمانی، ئاسایشی ئابوری، چاودێری بازرگانی و نوێنه‌ری لیژنه‌كانی قایمقامیه‌ت پێكهاتوه‌ كۆبوه‌وە.

به‌گوێری نرخی گازۆیل له‌ بازاڕه‌كان، نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كاره‌بای مۆلیدەی ئەهلی لە سنوری سلێمانی بۆ مانگی 12 بە 39.26 دیاریكراوە، بەتێكڕایی مۆلیده‌كانیش لەنێوان 260 بۆ 320 كاتژمێر كاریان كردوە.

به‌لێكدانی ژماره‌ی كاتژمێری كاركردنی موه‌لیده‌كان له‌گه‌ڵ نرخی یه‌ك كاتژمێر ئه‌مپێر، نرخی ئه‌مپێر بۆ مانگێك ده‌رده‌چێت، به‌مه‌ش نرخی ئه‌مپێرێك له‌گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی ترجیاوازه‌.

سه‌باره‌ت خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە لە مانگی یه‌ك كاتژمێر 6:30 بۆ 8:00ی بەیانی و لە كاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ بۆ 1:00ی شەو  كاردەكەن، لە رۆژانی هەینشدا  بەیانیان موه‌لیده‌كان كاره‌با ناده‌ن و لە بەرامبەردا لە كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆوە كاره‌با بۆ هاوڵاتیان دابین ده‌كه‌ن.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت كرایه‌وه‌، لەكاتی بڕینی كارەبای نیشتیمانیدا پێویسته‌ مۆلیدە ئەهلییەكان لە ماوەی 10 خولەكدا كاریان پێ بكرێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار روبەروی یاسا دەكرێتەوە.