ئەمریکا نامەیەک بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران دەنێرێت

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-04 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

دوای کوژرانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی، ئەمریکا نامەیەک بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەنێرێت.

عەباس موسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، رۆژی هەینی 3-1-2020، باڵوێزخانەی سویسڕا لە تاران، نامەیەکی ئیدارەی ئەمریکای گەیاندووەتە بەرپرسانی ئێران.

ئەمریکا نامەکەی دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران ناردووە، بەڵام عەباس موسەوی هیچ ئاماژەی بە ناوەڕۆکی نامەکە نەکردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها رایگەیاندووە، هەمان رۆژ، باڵوێزی سویسڕا لە تاران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کراوە و وەڵامی نامەکەی تارانی بۆ واشنتن پێدراوە.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 گرووپ و میلیشیای تائیفیی توندڕەو پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێک هات.

چەکدارانی ئەو میلیشیایانە، کە زۆرینەیان فەرمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەردەگرن، گوێ بە هیچ یاسا و دابونەریتێک نادەن و بە توندترین و خراپترن شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەت پارێزگا سوننەنشینەکان، دەکەن.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.