تورکیا داواکارییەکی پارێزەر و برای ئۆجەلانی بۆ چونە ئیمڕالی رەتکردەوە

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-04 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-
داواکاری گشتی تورکیا داواکارییەکی پارێزەران و محەمەد ئۆجەلانی برای عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەکەکەی رەتکردەوە کە داوایکردبو بۆ دیداری براکەی سەردانی دورگەی ئیمڕاڵی بکات.

داواکارییەکان رەتکراونەتەوە بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکرێت

داواکارییەکان لەلایەن محەمەد ئۆجەلانی برای عەبدوڵا ئۆجەلان و پارێزەرەکەی مەزڵوم دینج پێشکەشی داواکاری گشتی پارێزگای بۆرسەکرابون، بەڵام داواکارییەکان رەتکراونەتەوە بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکرێت.

31ی کانونی یەکەمیش پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجەلان بەمەبەستی سەردانیکردنی و ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ رێبەری پەکەکەدا، داواکارییەکانی ئاڕاستەی وەزارەتی دادی تورکیا کرد.

دواین دیدار عەبدوڵا ئۆجەلان لەگەڵ پارێزرەکانیدا دەگەڕێتەوە بۆ 7ی ئابی ساڵی 2019 

ئەوە لە کاتێکدایە دواین دیدار عەبدوڵا ئۆجەلان لەگەڵ پارێزرەکانیدا دەگەڕێتەوە بۆ 7ی ئابی ساڵی 2019 و لەو کاتەوە داواکاری بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجەلاندا دروستکراوە.

لە دواین دیداریدا ، عەبدوڵا ئۆجەلان لەسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاندبو "ئەم کێشەیە بە شەڕ چارەسەری ناکرێت، ئەم کێشەیە هەم زیان دەگەینێت بە تورکیا و هەم زیان لەو گەلانە دەدات کە لەو ناوچانە دەژین، پێویستە ئاشتی پێشبخرێت، ئەگەر تورکیا بچێتە ناو سوریاوە نابێتە چارەسەر، ڕاستی ئەوەیە کە شەڕ بۆ گەلان شتێکی باش نییە".

ئێمە هەمیشە بۆ ئاشتی ئامادەین، ئێمە هەمیشە دژی شەڕین، پێویستە لە جێی شەڕ ئاشتی بێت

لەبارەی دۆسیەی تورکیا و کوردیش ئەوەی خستوەتەڕو، "بۆ چارەسەری کێشەی کورد ئێمە ڕۆڵ و ئەرکی خۆمان ئەنجام دەدەین و ئۆپراسیۆنی چنگ کە تورکیا دژی پەکەکە دەستی پێکردووە، واتای شەڕە، ئەم کێشەیە بە ڕشتنی خوێنی مرۆڤەکان چارەسەر نابێت، ئێمە هەمیشە بۆ ئاشتی ئامادەین، ئێمە هەمیشە دژی شەڕین، پێویستە لە جێی شەڕ ئاشتی بێت".