هێمن هەورامی پرسەنامەیەك ئاراستەی خانەوادەی شەهیدانی گەرمیان دەكات

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-05 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە پرسەنامەیەكدا سەرەخۆشیی لە خانەوادەی هەرسێ پێشمەرگەی شەهید، لوقمان نەجم، زیاد خەلیفە و مەعرووف محەمەد کرد، كە شەوی ڕابردوو لە گوندی دەككەی نێوان شاری خانەقین و كوڵەجۆ، لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان شەهید بوون. ئەمەی خوارەوە دەقی پرسەنامەكەیە:

 

شەوی ڕابردوو لە گوندی دەككەی نێوان شاری خانەقین و كوڵەجۆ، لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، جێگەی داخە لەم هەفتەیەدا ئەمە دووەم جارە پۆلێك پێشمەرگە و كارمەندی ئاسایش شەهید و بریندار دەبن، بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی هەرسێ پێشمەرگەی شەهید، لوقمان نەجم، زیاد خەلیفە و مەعرووف محەمەد دەكەین و هاوبەشی خەمیانین و هیوای زووچاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین. پشتیوانیی تەواوی خۆشمان بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دووپات دەكەینەوە.


هێمن هەورامی

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

2019/12/5