دەڤەری ڕاپەڕین-KDP.info- بەرپرسی لقی 11ی پارتی لە دەڤەری ڕاپەڕین ڕایگەیاند، پەكەكە دەستی بەسەر گوندەكانی بناری قەندیلدا گرتووە، دێنە ناو گوندەكان و باج لە خەڵك وەردەگرن، ئەوەش خەڵكی ترساندووە و داوا دەكەن پەكەكە لە ناوچەكە نەمێنێت بۆ ئەوەی چی دیكە نەبنە قوربانی.
هیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی 11ی پارتی لە دەڤەری ڕاپەڕین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "دەڤەری ڕاپەڕین، كە ناوچەی پشدەر و بتوێن لەخۆ دەگرێت، مێژوویەكی دوورودرێژی كوردایەتیی هەیە، ئێستا خەڵكەكەی لە بارودۆخێكی خراپدا دەژین، هەم لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە، هەم لە ڕووی نەبوونی هەلی كار بۆ گەنجان، كێشەی هەرە سەرەكیش ئەو ئاڵۆزییەیە كە لە سنوورە هەیە، بەتایبەتی بوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە هەندێك شوێن."
بەرپرسی لقی 11ی پارتی لە دەڤەری ڕاپەڕین گوتیشی: "خەڵكی ناوچەكە لە دڵەڕاوكێدا دەژین، ئەوەش لەبەر بوونی پەكەكەیە لە ناوچەكە كە زیاتر لە 20 گوند لە بناری قەندیل لەژێر دەسەڵاتی پەكەكەدان، لە كۆمەڵێك شوێنی دیكە پەكەكە هەیە، لە چیاكان هەیە، هەندێك جار گومرك لە خەڵك وەردەگرن، دێنە ناو گوندەكان، ئەوەش هەمووی بووەتە كێشە بۆ خەڵكی ناوچە و ئەو خەڵكە لە دڵەڕاوكێدا دەژین".
ڕابین شێروانی