تەرمی فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران گەڕێندرایەوە وڵاتەکەی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5-1-2020، رادیۆ و تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، کە تەرمی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی بە فڕۆکەیەک گەڕێندرایەوە ئێران.
تەرمی قاسم سولەیمانی بە فڕۆکەیەک گەیشتووەتە شاری ئەهواز لە باشووری ئێران و بڕیارە لە شاری کردمان، بەخاک بسپێردرێت.
قاسم سولەیمانی لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.