ئەنجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر: زۆرینەی بەڕێوەبەرەکان دەگۆڕدرێن

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-05 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر گوتی، وه‌زاره‌ته‌كان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارێزگاری هه‌ولێر ده‌ستیان كردووه‌ به‌ گۆڕینی بەڕێوەبەره‌كان و تاوه‌كو ئێستا چه‌ندین بەڕێوەبەر له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و شاره‌وانی و شوێنه‌كانی دیكه‌ گۆڕدراون و، ئەم هەنگاوە به‌رده‌وام ده‌بێت و زۆرینەی بەڕێوەبەرەکان ده‌گۆڕدرێن.

عه‌لی ڕه‌شید، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "له ‌سنووری پارێزگای هه‌ولێر دەست کراوە بە هه‌ڵمه‌تێك بۆ گۆڕینی سه‌رجه‌م بەڕێوەبەره‌كان له‌ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان و گۆڕانكاریه‌كانیش به‌ هه‌ماهه‌نگی له ‌نێوان پارێزگار و وه‌زاره‌ته‌كاندا ده‌كرێت و زۆرینه‌ی بەڕێوەبەره‌كان ده‌گۆڕدرێن."

عه‌لی ڕه‌شید گوتیشی: "له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ چه‌ندین بەڕێوەبەر گۆڕدراون و به‌شێكیشیان ماون. بەڕێوەبەری ته‌ندروستی دیاری كراوه‌ و چه‌ندین سه‌رۆكی شاره‌وانیش گۆڕدراون و بەشێکیشیان ماون. له‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش بەشێک لە بەڕێوەبەرەکان گۆڕدراون و بەڕێوەبەری كارگه‌ی غازیش ده‌گۆڕدرێت. بۆیه‌ پارێزگار باسی له‌وه‌ كرد، کە زۆرینەی بەڕێوەبەره‌كان دەگۆڕدرێن، ئەو گۆڕانکارییەش قۆناغ به ‌قۆناغ دەبێت، تاوه‌كو سه‌رجه‌م ئه‌و بەڕێوەبەرانه‌ ده‌گۆڕدرێن."

بڵند ئیبراهیم