ئیسڕائیل.. خۆپیشاندانەکان دژ بە ناتانیاهو به‌رده‌وامه‌

دوا نوێکردنەوە: 2020-08-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

لە ئیسڕائیل هەزاران کەس رژانە سەر شەقامەکان و بە پاساوی خراپ بەڕێوەبردنی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (Covid-19) و ئەو داوا یاساییانەی بەهۆی گەندەڵییەوە لەسەری تۆمار کراون، ئیدانەی سەرۆکوەزیران بنیامین ناتانیاهو-یان کرد.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی رۆژنامەی هارێتز، لە ٢٦٠ شوێنی شارە جیاوازەکان کە دیارترینیان قودس و تەلئەبیب-ن خۆپیشاندانەکان دژ بە ناتانیاهو بەردەوامن و خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی ناوبراو دەکەن.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی (کان)ی ئیسڕائیلی هەواڵی ئەوەی بڵاو کردەوە کە لە شاری قودس هەزاران کەس لەبەردەم بینای سەرۆکایەتی وەزیران گردبوونەتەوە.

جێی ئاماژەیە زیاتر لە دوو مانگە لە ئیسڕائیل خۆپیشاندان دژ بە سەرۆکوەزیران بنیامین ناتانیاهو دەستی پێکردوە و هاووڵاتییانی ناڕازی داواکارن ناوبراو دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە.