چاودێران: یەكڕیزی زەروورەتێكی حەتمییە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستاندا

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-06 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتی هەرێمی كوردستان و مامەڵەكردنی لەگەڵ رووداوەكان، بە لای چاودێرانەوە مەنتیقییە و پێشیان وایە لە دۆخێكی وەهادا، یەكڕیزی و یەكدەنگیی كورد، زەروورەتێكی حەتمییە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستاندا.

دكتۆر محەمەد بازیانی، سەرۆكی بزاڤی چاكسازی و گەشە، بۆ ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "یەكڕیزی و یەكدەنگیی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، لە ئان و ساتێكی وەها هەستیاردا زۆر گرنگە و كارێكی ژیرانەیە".‌

هاوكات زیرەك كەمال، چاودێری سیاسی، لە لێدوانێكیدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، كە ھەرێمی كوردستان لەو نێوانەدا سیاسەتێكی ئاقڵانەی گرتۆتە بەر و زۆر بە ھێمنی مامەڵە لەگەڵ رووداوەكاندا دەكات، چونكە ھەرێمی كوردستان دراوسێی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لە لایەكی دیكەیش رۆڵی ئەمەریكا گرینگە لە ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست، بۆیە پێویستە لەو نێوانەدا ھاوسەنگییەك رابگیرێت.

زیرەك كەمال پێیشی وایە،‌ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لە ھەموو كاتێكدا گرینگە، بە تایبەت لە پێشھاتێكی وەھادا، كە ھاتۆتە پێش، لەبەر ئەوەی كورد بە یەكڕیزیی سیاسی و یەكگوتاری دەتوانێت بەسەر ئاستەنگەكاندا سەركەوێت و، ھەر رووداوێكیش دێتە پێش، پێویستە زیانەكانی لە خۆمان دوور بخەینەوە.

كەمال، ئاماژە بە زیانی ئەو گرژی و ئاڵۆزییە دەدات و دەشڵێ: "بتەوێ و نەتەوێ، زەرەر و زیانی ھەیە، چونكە شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەكەدا دروست دەكات، كورد میللەتێكی ئاشتیخوازە و دژی شەڕە، هەروەها شەڕیش لە ھەر حاڵەتێكدا بێت، كاریگەریی نەرێنی دروست دەكات، بەو پێیەی ئەو شەڕەش لەسەر خاكی عێراق دەبێت، ئەم بارودۆخەش لە دەستەڵاتی ئێمەدا نییە".

 

ھەڵكەوت محەمەد- فایزە كۆیی