نووسینگەی وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-05 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز


ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە نووسینگەی وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی لە بارەی كۆنگرەی رۆژنامەوانیی ئەمڕۆیان سەبارەت بە ڕێكەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بڵاوكردەوە.


لە روونكردنەوەكەدا هاتووە لە چوارچێوەی كۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەكەدا، كە تیایدا سەرۆكی شاندەكە و ئەندامانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ دۆسیەی بودجە و نەوت، ئەنجامی ڕێكەوتنی شاندی هەرێمی كوردستانی بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشكرا كرد، ڕۆژنامەنووسێك پرسیاری ئەوەی لە سەرۆكی شاندەكە كرد كە حكومەت سێ مووچە قەرزاری مووچەخۆرانی كوردستانە، ئاشكرایە مەبەستی ڕۆژنامەنووسەكە "سێ مووچەی تەواو بوو"، بەڵام سەرۆكی شاندەكە زانیارییەكەی بۆ ڕاست كردەوە كە سێ مووچە نیە بەڵكو مووچەی هەشت مانگی فەرمانبەران و ١٢ مانگی خانەنشینان قەرزدارە. هەروەها نە ڕۆژنامەنووسەكە و نە جەنابی وەزیر هیچ ئاماژەیەكیان بە مووچە ناتەواوەكان نەداوە كە بە ڕێژەی جیاواز بە پاشەكەوت دابەش كراون.


هەروەها ئاماژەشی بەوە داوە "بە داخەوە هەندێك كەس بە ئاگایی یان بە بێ ئاگا ڕاستیەكان دەشێوێنن، دەیانەوێت لە بەهای ئەو سەركەوتنە گەورەیەی شاندی هەرێمی كوردستان كەم بكەنەوە. پێتانڕادەگەیەنین سەرباری ئەوەی كە مووچە نەدراوەكان و پاشەكەوتەكانی مووچەش هەرچەندە لە سەردەمی ئەم كابینەیەدا نەبووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری بەرپرسیاریەتی هەموویان لە ئەستۆ دەگرێت".