هەولێر-KDP.info- بۆ پیرۆزبایى بەستنى هەشتەمین کۆنگرەى یەکگرتوى ئیسلامى کوردستان، ئەمڕۆ دووشەمە شاندێکى باڵاى پارتى دیموکراتى کوردستان بەسەرۆکایەتی فازڵ میرانى سکرتێرى مەکتەبى سیاسى و مەحموود محەمەد ئەندامى مەکتەبى سیاسى و عەلى حسێن بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى کوردستانى و عێراقى پارتى دیموکراتى کوردستان و بەرپرسى دیسکى پارتە ئیسلامییەکان و ئەندامانى مەکتەبى پەیوەندییەکان، سەردانى مەکتەبى سیاسى یەکگرتوى ئیسلامى کوردستانى لە شارى هەولێر کرد، لەلایەن سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمیندارى گشتى یەکگرتوو ئەندامانى ئەنجومەنى جێیەجێ کردن و سەرکردایەتى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان پێشوازى کران.
لە دیدارەکەدا فازڵ میرانى سکرتێرى مەکتەبى سیاسى پیرۆزبایى مەکتەبى سیاسى و ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستانى ئاراستەى سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمیندارى گشتى و ئەنجومەنى جێیەجێکردن کرد بەبۆنەى بەستن و سەرکەوتنى هەشتەمین کۆنگرەیان، هاوکات ئومێدى خواست سەرکەوتنى کۆنگرەکەیان ببێتە فاکتەرێک بۆ بەهێزبونى پەیوەندییەکانى نێوان پارتى و یەکگرتوو و فراوان بونى بوارى هەماهەنگى و کارکردنى هاوبەش لەپێناو سەرکەوتنى پرۆسەى سیاسى و دیموکراسى لە هەرێمى کوردستان، هەروەها سکرتێرى مەکتەبى سیاسى تەئکیدى کردەوە لە رابردوو و ئایندەشدا هەمیشە پێکەوە کاردەکەین لە پێناو خەباتى سیاسى و بەدیهێنانى هەموو ئامانجە نەتەوەیى و نیشتمانیەکانمان و پاراستنى ئەو دەستکەوتانەى کەلەئاکامى یەکریزى نێوانمان و هێزو لایەنە سیاسییەکانەوە بەدەست هاتوون.
پاشان بارودۆخى هەستیارى سیاسى ناوچەکەو ناجێگیرى رەوشى سەربازى گۆرەپانەکە و هەنگاوەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و دواین پێشهات وگۆرانکارییەکان و پەیوەندى حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى عێراق بەگشتى باسى لێوەکرا، هاوکات خزمەت کردن بەپرسە دیموکراتییەکان و بەردەوامى هەماهەنگییەکانى نێوان هەردوولاو هۆشیارى زیاترى جەماوەر لە پاڵپشتى کردن لە پێناو ئەرک و بەرپرسیارەتى نیشتمانى و نەتەوەیی بۆ داکۆکى کردن و سەرکەوتنى ئەم قۆناغە، جەختی لێ کرایەوە.