ڕەزامەندی لەسەر سێ ملیار دینار بۆ قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە درا

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-06 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌زامه‌ندیی نیشان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سێ ملیار دینار خه‌رج بكرێت بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سوكاری پێشمه‌رگانه‌ی له‌ شه‌ڕی داعش شه‌هید بوونه‌ و تا ئێستا به‌هۆی قه‌یرانی داراییەوە قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌مڕۆوه‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان ده‌توانن بچن پاره‌كه‌ وه‌رگرن.

میران به‌كر، سكرتێری ڕۆژنامه‌وانیی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "زیاتر له ‌هه‌زار و900 شه‌هیدی پێشمه‌رگه‌ی شه‌ڕی داعش قه‌ربوو ده‌كرێنه‌وه‌، كه‌ به‌شێكیان پێشتر به‌ پێنج ملیۆن دینار قه‌ره‌بوو كراونه‌ته‌وه‌ و به‌شێكیشیان به‌هۆی قه‌یرانی داراییەوە مابوو، کە قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، بۆیه‌ بڕیار دراوه‌ ئه‌وانیش قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌."

میران به‌كر گوتیشی: "سه‌رۆكی حكوومه‌ت 3ملیار دیناری ته‌رخان كردووه‌ و ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سوكاری شه‌هیدانەی ماون، ئه‌وانیش قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، بۆیه‌ له‌مڕۆوه‌ ده‌توانن سه‌ردانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن و چه‌كیان بۆ ده‌كرێت و پێنج ملیۆن دیناریان پێ ده‌درێت."

بڵند ئیبراهیم