داوای دیاریکردنی رۆژێك بۆ پێشمه‌رگه‌ دەکرێت

دوا نوێکردنەوە: 2020-01-07 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

داواده‌كرێت رۆژێك وه‌ك بۆنه‌یه‌كى نیشتمانى بۆ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان دیارى بكرێت، سه‌رۆكى لێژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ش له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێ ده‌بێ دوور له‌ ململانێى حزبى ئه‌و رۆژه‌ دیارى بكرێت.

 

رێڤینگ هرورى سه‌رۆكى لێژنه‌ى كار و بارى پێشمه‌رگه‌ و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێیه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان به‌(باسنیوز)ى راگه‌یاند: "هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ خوێنى خۆیان كردووەته‌ قوربانى بۆ پارێزگارىكردن له‌ خاكى كوردستان و شه‌هید بوون، كه‌چى تائێستا نه‌تواندراوه‌ رۆژێك بۆ پێشمه‌رگه‌ دیارى بكرێت و ئه‌و رۆژه‌ بكرێته‌ بۆنه‌یه‌كى نیشتمانى، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ دیاریكردنى رۆژێك بۆ ئه‌م توێژه‌ى كه‌ شه‌و و رۆژیان خستووەته‌ سه‌ر یه‌ك له‌پێناو ئارامى وڵاتدا".

 

گوتیشی: "ئێستا رێكخراوێكى ناحكوومى خۆبه‌خشانه‌ پڕۆژه‌یه‌كیان ئاماده‌كردووه‌ و خه‌ریكى كۆكردنه‌وه‌ى واژوون بۆ ده‌ستنیشانكردنى رۆژێك بۆ پێشمه‌رگه‌، ئێمه‌ش پێمان راگه‌یاندوون پێویسته‌ كاره‌كه‌ به‌بێ لایه‌نى ئه‌نجام بده‌ن و هیچ رۆژێك ده‌ستنیشان نه‌كه‌ن،چونكه‌ ئه‌وه‌ مافى ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ به‌شدار ده‌بن و بۆچوونى خۆیان ده‌خه‌نه‌ڕوو".

 

سه‌رۆكى لێژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ى به‌ ئه‌وه‌ش كرد" ئێمه‌ پێمان باشه‌ ١١ی ٩ بكرێته‌ رۆژى پێشمه‌رگه‌ كه‌ ساڵڕۆژى شۆڕشى ئه‌یلوله‌، ئه‌و شۆڕشه‌ى كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موو ده‌نگ و ره‌نگه‌كان بوو له‌ناوچه‌ جۆراوجۆره‌كان دوور له‌ ئینتیماى سیاسى، هه‌ر ئه‌و شۆڕشه‌ بووه‌ قوتابخانه‌ى پێگه‌یاندنى ده‌یان سه‌ركرده‌ و كادرى به‌تواناى سیاسى و سه‌ربازى له‌ سه‌رتاسه‌رى كوردستان".